لە مەرزەکانەوە

ئەمجارە گەشتى ئێران بکەیت 15 هەزار دینارت لێ وەردەگیرێت

964+

وریا فەتاح

بڕیارە لە ئایندەیەکى نزیکدا، کۆمپانیایەک لە مەرز و دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان دابنرێن و 15 هەزار دینار لە گەشتیاران وەربگرن.

ئەو بابەتە لە سنوورى قەڵادزێ دەنگى داوەتەوە و هاوڵاتیان باس لەوە دەکەن لە مەرزى کێلێ کۆمپانیایەک دەستبەکار دەبێت و بڕی 15 هەزار دینار لە هەر کەسێک وەردەگرێت بچێتە دیوى ئێران.

964 بەدواداچوونى بۆ ئەو بابەتەکرد لە زارى بەرپرسێکى باڵاى ئیدارى زانیارى پێویستى لەسەر ئەو بابەتە دەستکەوت.

بەپێى زانیارییەکان ئەو بەرپرسە، بڕیارە کۆمپانیایەک لە مەرزى کێلێ دابمەزرێت و بڕى 15 هەزار دینار لەو کەسانە وەربگرێت کە گەشتى ئێران دەکەن.

وەک ئەوەى باسى دەکات، تائێستا کۆمپانیاکە دەستى بەکارکردن نەکردووە و زانیارى پێویست لە بارەى کۆمپانیاکەوە بۆ ئیدارەى سنوورەکە نەنێردراوە، بەڵام زانیاریان هەیە کە لە ئایندەیەکى نزیکدا کارەکانى دەستپێدەکات و لە هەموو مەرز و دەروازە سنوورییەکان دەستبەکار دەبێت و چەند کۆمپانیایەکن.

“ئێستا لە سنوورى دەروازەى کێلێ تەنیا 5 هەزار دینار لەو هاوڵاتیە ئێرانیانە وەردەگیرێت کە گەشتى عێراق و هەرێم دەکەن، ئەو پارەیەش وەک بیمە و لەژێر ناوى هەواڵى گەیشتن (خبر وسوڵ)، وەردەگیرێت و هیچ بنەمایەکى یاسایى نیە”، ئەو بەرپرسە ئیدارییەى سنوورى پشدەر واى بە 964 وت.

بۆ وەرگرتنى زانیارى زیاتر، 964 قسەى لەگەڵ عەباس عەزیز، بەڕێوەبەرى گومگرگى راپەڕین کرد، ئەو نەیشاردەوە کە بابەتێکى لەو شێوەیە هەیە و بڕیارە کۆمپانیا لە هەموو مەرز و دەروازە سنووریى و فڕۆکەخانەکان دەستبەکاربێت نەک تەنیا مەرزى کێلێ، بەڵام وەک دەڵێت،”ئەوە تائێستا قسەیە و نەبووە بە کردار”.

روونیشى کردەوە، ئەو بابەتە پەیوەندى بە عێراقەوە هەیە و ئەوان دواى گفتوگۆ لەگەڵ هەرێم گەیشتوون بەوەى لە رێگاى کۆمپانیایەکەوە پارە لەو کەسانە وەربگرن کە دەچنە دەرەوەى وڵات کە وەک باس دەکرێت بڕەکەى 15 هەزار دینارە.

بەڕێوەبەرى گومگرى راپەڕین، ئاماژە بەوەش دەکات ئەو پارەیە زۆرە و ئەگەر جێبەجێ بکرێت، کاریگەرى لەسەر کەرتى گەشتیارى دەبێت.

مەرزی کێلێ کرایەوە و هاتوچۆی مەرزەکە ئاسایی بووەوە

مەرزی کێلێ کرایەوە و هاتوچۆی مەرزەکە ئاسایی بووەوە