بووین بە دوو ساڵ

سوپاس بۆ هەموو ئەو وەرگرانەی متمانەیان بە میدیایەک کردووە ئەوەی راستی نەبێت پێیان ناڵێت

964+

ژوورى هەواڵ

ئەمڕۆ دوو ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر دامەزراندنی تۆڕی 964، دووساڵ لە سەرهەڵدانی مۆدێلێکی نوێی کاری میدیایی لە کوردستان و عێراق.

964 دوو ساڵە بە هەرسێ زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی بەرهەمەکانی بڵاودەکاتەوەو نەریتێکی نوێی لە پێشکەشکردنی هەواڵی میدیایی داهێناوە.

هیوا مەحمود عوسمان بەڕێوەبەری گشتی تۆڕی 964 لەبارەی یادی دوو ساڵەی تۆڕەکەوە ئەم پەیامەی نووسیوە:

چەند کاتژمێرێکی دیکە مۆمی دووساڵەی تەمەنی 964 دەکوژێنینەوە، دەتوانم ناوی بنێم دوو ساڵ لە داهێنان، بەرهەم، خەون، هیوا

دوو ساڵ لەمەوبەر لەم کاتانەدا هەست و سۆزێکی نامۆ بەسەرمدا زاڵ بوو، هەستی ترس و دڵەڕاوکێ لەم ئاڵەنگارییە نوێیە، بەڵام بە پشتوانی ئێوە، بە دەستڕەنگینی و داهێنانەکانتان، بە دڵسۆزی و پابەندبوونتان، هەموو ئەو ترس و دڵەڕاوکێیانە رەوینەوە، ئەمڕۆ بە هەستی متمانەو شانازییەوە دەتوانم بڵێم شەمەندەفەرەکە لەسەر رێی راستەقینەی خۆی دەڕوات، سەرەڕای هەموو سەختییەکان، توانیمان بۆ هەمووان بسەلمێنین ئەوەی ئێمە دەیکەین نموونەیەکی کەم وێنەیە لە میدیا کە رەنگڕێژکراوە بە داهێنان و راستگۆیی و سەرڕاستی، نموونەیەک کە شایەنی وەرگرەکانمان بێت، هەرچەندە توانا داراییەکان دەست و ێیان بەستووین، بەڵام ئەوەی کردوومانە زۆرە.

کە دەستمان پێکرد خەونەکەمان زۆر سادە بوو، بەڵام ئەمڕۆ بەهۆی ئێوەوە بووینەتە بەنرخترین ئاژانسی هەواڵی لۆکاڵی، لەگەڵ چەند پلاتفۆڕمێکی گەنجانە، لەپاڵ ئەمانەشدا ئێستا (قەرار)مان هەیە، ئاپێک کە رێگەمان دەدات باشتر کە تێڕوانین و تێفکرینی خەڵک تێبگەین.

من دڵنیام ساڵی داهاتوو ئەم کاتانە رۆژی 3/3 چەند دەستکەوتێکی گەورەتر زیاد دەکەین بۆ سەر خەرمانی دەستکەوتەکانمان، دیسانەوە دەیڵێم ئەمە بەرهەمی ئەو تیمەیە کە خەمی ناووناوبانگی پیشەیی خۆیانە.

سوپاس بۆ هەموو ئەو وەرگرانەی متمانەیان بە ئێمە کردووە، ئەو وەرگرانەی بڕیاریانداوە لەبری گوێگرتن لەژاوەژاو ململانێ و شارچێتی و هەواڵی بێبنەما و دەروون هیلاککەر، متمانە بە میدیایەک بکەن کە ئەوەی راستی نەبێت پێیان ناڵێت.

بۆ هەموو ئەوانەی بەشێک بوون لەم کاروانەو بەردێکیان خستووەتە سەر بەردی ئەم داهێنانە
هەزار سوپاس!.

هەموو ساڵێک هەر دەست ڕەنگین و داهێنەر و بەهرەمەند بن.

هیوا