ناوچەی سەربازگەی پێشووی رەشید لە بەغدا
لە شوێنی سەربازگەی رەشید
” دیزنی لاند ” لە بەغدا دروست دەكرێت و كۆمپانیایەكی كوردستان بەشدارە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بڕیارە رۆژی 15ی ئابی داهاتوو بەردی بناغەی پڕۆژەی دارستانی بەغدا و ناوچەیەكی گەشتیار دابنرێت، كە لەسەر زەوی سەربازگەی رەشید دروست دەكرێت و سێ كۆمپانیا جێبەجێی دەكەن، كە یەكێكیان لە هەرێمی كوردستانەوەیە.
بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە شارەوانی بەغدا محەمەد روبەیعی بە 964ی راگەیاند، رووبەری پرۆژەكە پێنج هەزار دۆنم دەبێت، واتە نزیکەی 10 هێندەی قەبارەی پارکی زەورا، پڕۆژەکە سەرسوڕهێنەر دەبێت و بە شێوازی “دیزنی لاند” پەسەند کراوە.
دیزنی لاند شاری یاری و باخچەی ئاژەڵانە، لە چەند شارێكی گەورەی دنیا هەن، وەك كالیفۆرنیا و فلۆریدای ئەمریكا، پاریسی پایتەختی فەرەنسا، تۆكیۆی ژاپۆن، هۆنك كۆنگ و شانگهای چین، بە پڕۆژە سەرسوڕهێنەرەكانی گەشتیاری و كاتبەسەربردن لە دنیا هەژمار دەكرێن و نرخی بلیتەكانیشیان گرانن.
محەمەد روبەیعی دەڵێت، دەستەی وەبەرهێنان رەزامەندی لەسەر پڕۆژەكە داوە بۆ شارەوانیی بەغدا و نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانییش بڕیاری لەسەر داوە، پڕۆژەكەش لەلایەن سێ کۆمپانیای هەرێمی کوردستان و تورکیا و ئازەربێجان جێبەجێ دەكرێت.
محەمەد روبەیعی دەڵێت هۆتێلێکی بەرزی 35 نهۆمی لە ناو پڕۆژەكە دروست دەكرێت، جگە لە پڕۆژەی گەشتیاری، یاریگەی تۆپی پێ و سکواش، رێڕەوی پێشبڕکێی ئۆتۆمبێل و مەلەوانگە جۆراوجۆرەکان، جگە لە باخچەیەکی ئاژەڵان.
ئاماژە بەوەش دەكات، شارەوانی ناوچەی كەڕادە تەواوی پاشماوەكانی لە شوێنی پڕۆژەکە لابردووە، خەریكن زیادەڕۆییەكانیش لادەبرێن.
بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە شارەوانی بەغدا محەمەد روبەیعی دەڵێت، بەم پڕۆژەیە هەموو بڕیارەکانی حکومەتەکانی پێشووی عێراق هەڵدەوەشێتەوە، كە بەرنامە وابوو سەربازگەی رەشید بكرێتە یەكەی نیشتەجێبوون.