عەلوەی سلێمانی:

هەڵووژەی ترش بەو نرخە نییە دوێنێ بە هاوڵاتیان فرۆشراوە

964+

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

دوێنێ هەڵووژەی ترش لە بازاڕی سلێمانیدا کیلۆی بە 300 هەزار دینار بوو، 964 لەگەڵ فرۆشیارێك قسەی كرد و وتی بە 300 هەزارە و بەریش ناكەوێت، بەڵام سەرۆکی سەندیکای عەلوەی سلێمانی دەڵێت، دوێنێ هەر کیلۆیەکی بە 105 هەزار دینار بووە.

سەروەر عەلی، سەرۆکی سەندیکای عەلوەی سلێمانی بە 964ـی وت، سێ رۆژە هەڵووژەی ترش لە وڵاتی تورکیاوە هێنراوەتە شاری سلێمانی و سەرەتا کیلۆی بە 150 هەزار دینار بوو، بەڵام دوێنێ نرخەکەی بە 105 هەزار دینار بووە بۆ هەر کیلۆیەکی.

باسی لەوەش کرد، هۆکاری گرانی نرخەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کەمی ئەو هەڵووژەیە، بەڵام بەو شێوەیە گران نییە کە لە بازاڕدا دەفرۆشرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، رۆژانە 100 کیلۆ دێتە سلێمانی و بەو شێوەیە خواستی لەسەر نییە، لەبەر ئەوەی بابەتێکی پێویست نییە و ئەوە دوکاندارانەكانن گرانفرۆشیان تێدا کردووە.

وتیشی: “ئەو قاپەی دوێنی دانەی بە 20 هەزار دینار فرۆشراوە و چەند دەنکێکی تێدا بووە، لە عەلوە دانەی بە 10 هەزار و 700 دینار بووە”.

ئەو فرۆشیارەی دوێنێ بۆ 964 لە بازاڕی سلێمانی قسەی كرد، وتی، نرخی یەك كیلۆی هەڵووژە بە 300 هەزار دینارە و بەریش ناكەوێت و نزیكەی 13 كیلۆی فرۆشتبوو.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا