کوچە و کۆڵانەکانی هەولێر بێناز بوون
جەڵتەی مێشک رەشۆی سازی خستووەتە سەرجێگا و چارەسەری لە کوردستان نییە
964+
عەبدولعەزیز خالند- هەولێر
رەشۆی ساز بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە کەوتووتە سەرجێگا و کوچە و کۆڵانەکانی هەولێری بێ نازکردووە و نە دەنگی خۆی هەیە، نە سازەکەی، پزیشکەکانیش دەڵێن چارەسەری لە کوردستان نییە.
حەوت مانگ بەرلە ئێستا بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە رەشید ئەحمەد ناسراو بە رەشۆ دەکەوێتە سەر جێگا و پزیشکەکانیش لە نەخۆشخانە ئیزنی دەدەن و دەینێرنەوە ماڵەوە، 964 لە هەواڵی رەشۆی پرسی و لە نزیکەوە سەردانی کرد، بەداخەوە بەهۆی نەخۆشییەکەوە بە هیچ شێوەیەک نەیتوانی قسەمان بۆ بکات، سەعدی ئەحمەدی برای پێی وتین، دۆخی تەندروستی هیچ باش نییە، چەند مانگە بەو جۆرە ماوەتەوە و توانای جوڵەشی نییە، پزیشکەکانیش پێیان وتین چارەسەری لێرەنیە و پیویستی بە دەرەوەی وڵاتە.
بە قسەی براکەی ئێستا رەشۆ دوو ئامێری پزیشکی بۆ دانراوە و حەوت جۆر دەرمانی هەیە و هیواش دەخوازن بتوانن براکەیان بەرنە دەرەوەی وڵات و چارەسەری پزیشکی بۆ بکرێت.
رەشید ئەحمەد 49 ساڵ تەمەنیەتی، بەبێ جیاوازی لەناو کوچە و کۆڵانەکانی هەولێر رۆژانێک گۆرانی دەچڕی و هەمووان خۆشیاندەویست.
پێداچوونەوەی: پەری ساڵح