لە مەریوان

خەڵاتی ئەمساڵی ماملێ بەخشرایە عەلی ئەكبەر مورادی

شۆڕش قادری

‎لە شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستان، خەڵاتی ئەمساڵی ماملێ، بەخشرایە عەلی ئەكبەر مورادی، میوزیكژەن و گۆرانیبێژی ناوداری كورد.

رۆژی هەینی 28.2.2025 بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە میوزیكژەنانی شاری سلێمانی و هونەرمەند ئەنوەر قەرەداغی و بە بەشداری بەشێک لە هونەرمەندان و رۆشنبیرانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئەندامانی بنەماڵەی هونەرمەند محەمەد ماملێ، لە هۆڵی هۆتێل خورشید لە شاری مەریوان، لە پازدەیەمین مەراسیمی ساڵانەیدا، ناوەندی ماملێ، خەڵاتی “ماملێ”ی بەخشییە میوزیكژەن و گۆرانیبێژی گەورەی كورد، عەلی ئەكبەر مورادی.

‎مامۆستا عەلی ئەكبەر لە رێی كۆكردنەوە و بەچاپگەیاندنی ژمارەیەكی زۆر میلۆدییەوە توانیویەتی فەرهەنگ و هونەری یارسان بە ناوچەكانی تری كوردستان و جیهان بناسێنێت و بە دروستكردنی ماڵی تەمبورەش توانیویەتی ژمارەیەكی زۆر فێرخواز و هونەرمەند پێبگەیەنێت لە شاری تاران و كرماشان.

‎ عەلی ئەكبەر مورادی ساڵی 1957 لە شاری كرماشانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەدایكبووە و لە بواری گۆرانی و میوزیكی كوردیدا خاوەنی چەندین كاری ناوازەیە، دیارترین كارەكانی لەگەڵ هونەرمەندان، شەهرام نازری و كەیهان كەلهوڕ بووە و بەشداریی چەندین كاری هونەریی كردووە لە لەندەن و سانفرانچیسكۆ و كالیفۆرنیا و چەندین خەڵاتی ناوخۆیی و جیهانیشی وەرگرتووە.

عەلی ئەكبەر مورادی کە یەكێكە لە باشترین میوزیكژەنەکانی جیهان، لە تەمەنی شەش ساڵیدا فێری ئامێری تەمبور بووە و بۆ بەزیندووهێشتنەوەی ئەو هونەرەش، موچەی خانەنشینی و سەرجەم داهات و سەرمایەكەی خۆی تەرخانكردووە بۆ دروستكردنی “ماڵی میوزیكی یارسان” لە گوندی بان زەلان، کە شوێنی لەدایكبوونیەتی لە شاری كرماشان.

فۆتۆکان: ڤینۆس تۆفیق تۆماری کردووە

گۆرانیەک بۆ ژینا ئەمینی خەڵاتی گرامی وەرگرت

گۆرانیەک بۆ ژینا ئەمینی خەڵاتی گرامی وەرگرت