دووانیان ژنن
تەرمی چوار شاخەوانی دیکە لە بانە دۆزرانەوە کە ژێر رەنووی بەفر کەوتن
964+
شۆڕش قادری
تەرمی چوار کەس لەو شەش شاخەوانەی کە دوێنێ لە شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان ژێر رەنووی بەفر کەوتن و گیانیان لەدەست دا، ئەمڕۆ دۆزرانەوە.
دوێنێ هەینی 28.2.2025 چەند گرووپێکی شاخەوانی شارەکانی بۆکان و بانە چوونە شاخی کەڵەکەجاڕ لە زنجیرە چیاکانی قەرەچدابان لە شاری بانە، لەکاتی هاتنەخوارەویان لە نزیک گوندی بایەندەرە چەند کەسێکیان ژێر رەنووی بەفر کەوتن و بەوهۆیەوە شەش شاخەوان گیانیان لەدەستدا و یەکێکی دیکەش برینداربوو.
محەمەد شەریف پوور ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی پاژین لە بانە بە 964ـی وت، “شەش شاخەوان بەناوەکانی خالق ئەحمەد نەژاد، شەهلا رەحمانی، رووناک دانشمەند، یاسا سادقی، کاروان ئەحمەد پەنا و عومەر عەبدوڵایی گیانیان لەدەستداوە، کە هەر شەش کەسەکە خەڵکی بانەن”.
“دوێنێ تەرمی دوو کەسیان دۆزرایەوە و بەرەبەیانی ئەمڕۆش بە هاوکاری خەڵکی ناوچەکە و کۆمەڵەی مانگی سووری بانە، تەرمی چوار شاخەوانەکەی دیکە دۆزراوەتەوە و بڕیارە لە رێوڕەسمێکدا لە گۆڕستانی سڵێمان بەگ و بەشی هونەرمەندان، بەخاک بسپێردرێن”، محەمەد شەریف پوور وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، رووناک دانشمەند و کاروان ئەحمەد پەنا ئەندامی گرووپی شاخەوانی پاژین بوون و خالق ئەحمەد نەژاد و یاسا سادقی و شەهلا رەحمانی ئەندامی گرووپی شاخەوانی سوورکێوـی شاری بانە بوون.