رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆمارى تورکیا _ وێنە: ئاژانسى هەواڵى رۆیتەرز
"کەسانێک هەن نایانەوێ کێشەکان چارەسەربن"
ئەردۆغان: بانگەوازی ئۆجالان بۆ چەک دانانی پەکەکە هەلێکی مێژووییە
964+
ئەحمەد مستەفا
سەرۆک کۆماری تورکیا لە میانی یادی کەناڵ7ی تورکیا قسە لەبارەی پەیامەکەی ئۆجالان کرد و وتی، “بانگەوازەکەی ئۆجالان، هەلێکی مێژووییە بۆ پەکەکە و وتیشی، لە روبەڕبوونەوەی تیرۆر قۆناغێکی نوێ دەستی پێکردووە”.
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ئیستەنبوڵ باسی لەوەکرد، “کەسانێک هەن نایانەوێت کێشەکانمان چارەسەر ببن، دەبێت لە بەرامبەر تێکدانی وڵاتەکەیان هۆشیار بن”.
ئەمڕۆ 27.2.2025، پەیامی عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان لە لایەن شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی خوێندرایەوە و تێیدا ئۆجەلان داوای لە پەكەكە كرد، كۆنگرە بكەن و خۆیان هەڵبوەشێننەوە و چەك دابنێن.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە پەکەکە دەست 964 کەوتووە، لە ماوەیەکی نزیکی داهاتوودا پارتی کرێکاران بە راگەیەندراوی فەرمی وەڵامی داواکەی عەبدوڵا ئۆجەلان دەداتەوە و بە ئەگەری هەرە بەهێز پرۆسەی چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوە قبوڵ دەکات.
هاوکات پارتی کرێکاران داوای ئازادکردنی ئۆجەلان دەکات و داواش دەکات دۆسیەی مافەکانی کورد ببرێتە پەرلەمان و لە دەستووری تورکیادا جێگیر بکرێت.