ئاو لە قەڵادزێ دابەش ناکرێت
پڕۆژەی ئاوی خاس بەستویەتی
محەمەد عەلی ـ پشدەر
بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما، پڕۆژەی ئای خواردنەوەی قەڵادزێ پەکیکەوتووە، ئەو بۆڕیانەی مادەی پاککەرەوە دەگوازنەوە بەستویەتی، بەڕێوەبەری پڕۆژەکەش دەڵێت، “لە هەوڵی توانەوەی شەختە و کردنەوەی بۆڕیەکانداین”.
ئەمڕۆ سێشەممە 25.2.2025، مارف مەحمود، بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئاوی خاس، بە 964ـی وت، “پڕۆژەی ئاوی خاس وەکو رۆژان کارناکات، بەهۆکاری ئەوی ئەو بۆڕیانەی مەوادی پاکردنەوەی ئاوەکە دەگوازنەوە لەناو پڕۆژەکەدا بەستویانە بەهۆی شەختە و بەستەڵەکەوە، لەئێستادا کارمەندەکان خەریکی کردنەوەی بۆڕیەکانن، بۆیە ئەمڕۆ ناتوانین ئاو دابەشبەکەین لە قەڵادزێ”.
رونیشیکردەوە، بەشەکانی تری پڕۆژەکە کێشەیان نییە، تەنیا ئەو بۆڕیانەی “ئەلوم و کلۆر و شەب” دەگوازنەوە، ئاویان تێدا ماوەتەوە و ئاوەکە لەناو بۆڕیەکاندا بەستویەتی و رێگە بە تێپەڕ بوونی مەوادەکان نادات تاکوو ئاوی حەوزەکانی پێ روون و پاک بکەینەوە، لە هەوڵداین سەهۆڵەکە بتوێنینەوە و گرفتەکە چارەسەر بکەین و دەستبکەینەوە بەکارکردن.
مارف محمود وتیشی، ئێمە ئەمڕۆ بەشێک لە بۆڕیەکان دەکەینەوە و کێشەکە چارەسەر دەکەین، هەوڵ دەدەین بۆ رۆژانی داهاتوو نەیبەستێتەوە بۆئەوەی سبەی ئاو دابەشبکەینەوە.
پرۆژەی ئاوی خاس لە شاری قەڵادزێ لە یەك كاتژمێردا توانای بەرهەمهێنانی دوو ھەزار و 800 مەتر سێجا ئاوی خواردنەوەی هەیە و لە باری ئاساییدا رۆژانە 31 ھەزار مەتر سێجا ئاوی خاوێن بۆ نزیكەی 90 ھەزار هاوبەشی ئاو لە شاری قەڵادزێ دابین دەكات”.
پێداچوونەوە: هاوبەش