کێڵگەی غازی کۆرمۆر _ وێنە: Dana Gaz
لە ساردترین رۆژى ساڵدا
جارێکى دیکە کێشە بۆ کارەبا دروستبوو
964+
وریا فەتاح
لە کاتێکدا ئەمڕۆ ساردترین رۆژى ساڵە، بەڵام وەزارەتى کارەباى هەرێم بڵاوى کردەوە، جارێکى دیکە کێشە بۆ کارەبا دروستبووە و 2500 مێگاوات کارەبا کەمبووەتەوە و هەناردەى غاز لە کێڵگەى کۆرمۆر راگیرا.
بەپێى راگەیەندراوەکە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ رێکەوتی 25ـی شوباتی 2025 بە هۆی گرفتێکی تەکنیکییەوە هەناردەی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا راگیرا.
ئاشکراى کردووە، بەهۆى کێشەکەوە 2500 مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە.
دەشڵێت: تیمەکانی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی کارەبا سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشەکەن .
ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە، بەهۆی دابەزینی پلەكانی گەرما لە كاتژمێر (2:00)ـی شەو، گرفتێكی تەكنیكی لە كێڵگەی كۆرمۆر دروستبوو و كاریگەریی لەسەر هەناردەكردنی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بە بڕی 250 ملیۆن پێ سێجا هەبوو، بەهۆیەوە 1000 مێگاوات كارەبا کەم بووەوە و دواتر لە ئێوارەدا کێشەکە چارەسەرکرا، بەڵام ئەمڕۆ جارێکى دیکە کێشەکە دروستبووەوە.