تەقەكەرەكەی رانیە دەستگیر كرا
" بە هەڕەمەکی تەقەی کردووە"
تەقەكەرەكەی رانیە دەستگیر كرا
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، ئەو كەسەیان دەستگیر كردووە، كە شەوی رابردوو لە ناو بازاڕی رانیە تەقەی كردووە و دانیشی بە تاوانەكەیداناوە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین ئەمشەو بڵاویكردەوە، شەوی رابردوو دوای ئاگادارکردنەوەی هێزەکانیان بە بوونی رووداوێڪی تەقەکردن لەناو بازاڕی رانیە، دەستبەجێ بەدواداچوون لەسەر رووداوەکە کرا و دوای بەدەستهێنانی زانیاری و ئاشکراکردنی ناسنامەی تەقەکەرەکە، تواندرا بە کەمترین کات تۆمەتبارێک بە ناوی (م، ف، م) لە دایڪبووی 1999 لەلایەن مەفرەزەکانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی رانیە دەستگیر بکرێت.
هەروەها دەڵێن، دوای دەستگیرکردنی، تۆمەتبار لە بەردەم پۆلیس و دادوەر، دانی ناوە بە تاوانەکەیدا، کە بە وتەی خۆی “بە هەڕەمەکی تەقەی کردووە”
پۆلسی رانیە ئاماژە بەوە دەكات، دەستیان گرتووە بەسەر چەکی بەکارهاتوو لە جۆری دەمانچە (کڕواتی)، ئێستاش تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە بە پێی ماددەی 495 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە.