"تەنکەرەکان بەنزین و نەفتایان، پێیە خەتەرە"

خۆپیشاندەران ناهێڵن یەک تانکەریش بڕوات

دیلان محەمەدجەزا-سلێمانى

گردبوونەوەى مامۆستایان و فەرمانبەرانى ناڕازى لە سنوورى عەربەت بەردەوامى هەیە و رێگە نادەن یەک بارهەڵگر دەربچێت، شۆفێرى تەنکەرێکیش دەڵێت،”پێویستە رێگەمان بدەن، چونکە ئەو بارانەى پێمانە بەنزین و نەفتایە، خەتەرە”.

لە سنووری عەربەت لە پارێزگای سلێمانی، مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە چالاکییەکی نوێدا رێگای بارهەڵگرەکانیان داخست.

بەشێک لە بەشداربووانی گردبوونەوەکە ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەن کە لە بەردەم نوسینگەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سلێمانی بۆ ماوەی 15 رۆژ مانیان لە خواردن گرت.

ئەوان رێگە بە تێپەڕبوونى یەک بارهەڵگرن نادەن، بەهۆیەوە دەیان بارهەڵگر لەسەر رێگەکە ریزیان بەستووە و وەستاون.

شۆفێرێکى بارهەڵگر بە 964ـى وت،”ئێمە پشتگیرى داواکارییەکانیانین، بەڵام حکومەت بەرپرسە بۆ رێگە لە ئێمە دەگرن”.

هۆشداریش دەدات، ئەو بارانەى پێیانە بەنزین و نەفتایە، پێویستە رێگەیان پێبدرێت، چونکە وەک دەڵێت،”بارەکانیان خەتەرن”.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح