گۆشتی قوتووی هاوردە لە زاخۆ قەدەغە کرا

میدیازان – شڤان عەبدولڵا – زاخۆ

لە زاخۆ هاوردەکردنی گۆشتی قوتووی مانگا، بزن و مەڕ قەدەغە کرا و وادەی ١٥ رۆژ درایە خاوەن مارکێت و گۆشت فرۆشەکان بۆ ئەوەی فرۆشگاکانیان لەو جۆرە گۆشتانە پاک بکەنەوە، ئەگەر نا شوێنەکەیان پێدادەخرێت و پێبژاردنیان بۆ دەکرێت.

“لیژنەی بەدواداچوون؛ گۆشتەکە ناتەندروستە و هەندێک جار ئێسکی ئاژەڵەکەش ورد کراوە”

بە وتەی وڵات هەجەر، بەرپرسی لیژنەی بەدواداچوون لە ئیدارەی زاخۆ، هۆکاری قەدەغەکردنی ئەو جۆرە گۆشتە ئەوەیە “گۆشتەکە ناتەندروستە و هەندێک جار ئێسکی ئاژەڵەکەش ورد کراوە و لەگەڵ گۆشتەکە کراوەتە نێو قوتوو.”

وڵات هەجەر بە میدیازانی وت، ئەم بڕیارە بەرهەمی گۆشتی قوتووی کارگەکانی نێوخۆ ناگرێتەوە.