تا تایبەت وەستابێت بۆ تاکسی ناکرێت
تاوەکو ئێستا تابلۆی نوێ بە تاکسییەکان نەدراوە
میدیازان – سەعید محەمەد و دیلان محەمەد
تاوەکو ئێستا تابلۆی نوێ بۆ هیچ ئۆتۆمبێلێکی کرێ نەبەستراوە لە هەرێمی کوردستان، پۆلیسی هاتوچۆ هۆکارەکەی بۆ هەبوونی فشاری زۆر لەسەریان دەگەڕێنێتەوە.
لە کۆتایی نیسانی ئەمساڵ، وەزارەتی ناوخۆ گۆڕانکاریی لە تابلۆی ئۆتۆمبێل راگەیاند، “ناوی شارەکان لەسەر تابلۆ نامێنێت و لەجیاتیدا کۆد دادەنرێت، بۆ هەولێر 22، بۆ سلێمانی 21 و بۆ دهۆک 24 دەبێت، هەڵەبجەش لە سیستمەکە هەیە، بەڵام جارێ تۆمار ناکرێت، جگە لەو کۆدەش پیتی ئینگلزی دەکەوێتە سەر”.
ئەم سیستمە تازەیە لەو شەش مانگەی رابردوودا چووەتە بواری جێبەجێکردن، تاوەکو ئێستا تابلۆی هەزاران ئۆتۆمبێلی تایبەت گۆڕدراون، بەڵام ئۆتۆمبێلەکانی کرێ سەرەیان نەهاتووە، هاتوچۆ هێشتا تا سەرەتای ساڵی داهاتوو ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانە ئاشکرا ناکات کە تابلۆی نوێیان وەرگرتووە.
فازڵ حاجی، وتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر بۆ میدیازانی ئاشکراکرد، تابلۆی تاکسی و پاس و ئۆتۆمبێلەکانی دیکەی کرێ ئامادەن، بەڵام بەهۆکاری زۆری فشار لەسەریان بڕیاریان نەداوە دەستپێبکەن.
میدیازان لێدوانی هاتوچۆی سلێمانی و دهۆکی وەرگرت، دەرکەوت لەو دوو پارێزگایەش ئۆتۆمبێلەکانی کرێ هەر چاوەڕێن، بە هەمان هۆکاری “فشاری زۆر”.
لەسەر تابلۆ نوێیەکان، کورتکراوەی ناوی عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە، کە بە پیتی ئینگلیزی نوسراوە.
هەر شۆفێرێک ساڵانەکەی بەسەرچووبێت کە تابلۆی نوێکردەوە بڕی ٧٥ هەزار دینار بدات، بەڵام کەسێک ئارەزوومەندانە بیەوێت ژمارەکەی بگۆڕێت دەبێت ١٣٥ هەزار دینار بدات.
میدیازان پەیوەندیکرد بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان، ئەوان رەتیانکردەوە تاوەکو سەری ساڵی نوێ ئاماری کۆی گشتی ئۆتۆمبێلەکان بڵاوبکەنەوە.
بەڵام بەگوێرەی ئامارە بڵاوکراوەکانی ساڵی رابردوو، لە هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و ٨٩٢ هەزار ئۆتۆمبێل تۆمارکراون، کە نزیکەی ٩٧ هەزاریان تاکسی و پاسن.