بە شێوەیەكی كاتییە

 كیتی پشكنینی ڤایرۆسەکان بۆ بانكی خوێنی سلێمانی دابین كرا

+964

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

بانكی خوێنی سلێمانی رایگەیاند، بە شێوەیەكی كاتی گرفتی كەمی پێداویستییەكانی خوێنوەرگرتنیان بۆ چارەسەر كراوە.

لە سەرەتای ئەم هەفتەیە و بەدیاریكراوی رۆژی یەكشەممەی رابردوو، بانكی خوێنی سلێمانی گرفتی كەمی پێداویستییەكانی خوێنوەرگرتنی بۆ دروست بوو، بۆ ماوەیەک خوێنوەرگرتن راگیرا، بەڕێوەبەری بانكی خوێنی سلێمانیش دەڵێت، بە شێوەیەکی كاتی گرفتەكەمان بۆ چارەسەر كراوە.

964 دەزانێت، بانكی خوێنی سلێمانی گرفتی كەمی كیتی پشكنینی ڤایرۆسات، كیسی خوێنوەرگرتن، تیوبی EDTA و تیوبی سلیكۆنی بۆ دروستبووە و تائێستاش بە تەواوی گرفتەكە چارەسەر نەكراوە.

لە بارەی كەمیی پێداویستییەكانی بانكەكەوە، د. كۆچەر ئیبڕاهیم بەڕێوەبەری بانكی خوێنی سلێمانی بە 964ی وت، دوای ئەوەی لەچەند رۆژی رابردوودا كێشەی كەمی پێداویستییەكانمان هەبوو، ئەمڕۆ ئەو كێشەیە بە شێوەیەكی كاتی چارەسەر كراوە و وەک رۆژانی ئاسایی خوێن لە خەڵكی وەرگیراوە.

وتیشی، بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی بڕێك لە كیتی ڤایرۆسات و پێداویستییەكانی دیكەی بۆ دابین كردووین، بۆ ئەمڕۆ كێشەمان نەبووە و نازانین بۆ رۆژانی داهاتووش چۆن دەبێت، ئەوەیان پەیوەستە بەوەی تا چەند ئەزمەمان لەسەر دروست دەبێت.

“بڕێكی دیاریكراومان بۆ دابینكراوە، گرفتەكە بە تەواوەتی چارەسەر نەكراوە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو بڕێكی زیاتر لە مەواد و پێداویستییەكانمان پێبگات”، بەڕێوەبەری بانكی خوێنی سلێمانی وای وت.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا