"نزیکەی 300 ساڵە خاوەنی ئەو زەویانەین"

شاندێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ جوتیارانی سەرگەڕان کۆبوونەوە

کاروان ساڵحی – کەرکوک

شاندێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق چوونە گوندی شەناغە و لەگەڵ جوتیارانی گوندەکانی سەرگەڕان کۆبوونەوە، جوتیاران پێداگری لە مافی خۆیان دەکەن و رەفتارەکانی سوپای عێراق بە ناڕەوا و ناشایستە وەسف دەکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە 18.2.2025 ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی عێراق بۆ پشتگیری لە جوتیارە کوردەکانی ناحیەی سەرگەڕان چوونە گوندی شەناغە و لەگەڵ جوتیاران کۆبوونەوە، فەرهاد رەحمەت یەکێک لە جوتیارانی ناوچەکە بە 964ـی وت، “ئەو هەڵسوکەوتەی دوێنێی سوپای عێراق بەرامبەر جوتیاران، زۆر نابەرپرسیارانە بوو و کاری سوپا ئەوە نییە لە جوتیار بدات و بێڕێزیان پێبکات”.

وتیشی، “ئێمە ساحێب حەقین و 200 بۆ 300 ساڵ دەبێت خاوەنی ئەو زەویانەین و تاپۆمان هەیە”.

رۆژی یەکشەممە 16.2.2025 جوتیارانى کوردى چەند گوندێکی سنوورى ناحیەى سەرگەڕان، دژى سوپاى عێراق گردبوونەوە و چونکە نایەڵێ کشتوکاڵ بکەن و زەوییەکانیان بکێڵن، دوێنێش گرژییەکان لە گوندى شەناغە گەیشتە ئاستێکى بەرز و شەڕى دەستەویەخە لە نێوان جوتیاران و سەربازانى سوپا روویدا، لە کاردانەوەى ئەو رووداوانە، هەریەک لە سەرۆکایەتیى هەرێم و حکومەت و لایەنە سیاسییەکانى کورد راگەیەندراویان بڵاوکردەوە و ئەو رەفتارەى سوپایان بە دوژمنکارانە وێنا کرد.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری