"نەوت هەناردە دەکرێتەوە"

وەزیرى سامانە سروشتییەکان: تا کۆتایى 2026 کارەبا دەبێتە 24 کاتژمێرى

964+

ژووری هەواڵ

وەزیرى سامانە سروشتییەکان رایگەیاند، تا کۆتایى ساڵى داهاتوو کارەباى هەرێم دەبێتە 24 کاتژمێرى و پێش کۆتایی مانگی سێش هەناردەکردنی نەوت دەستپێدەکاتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 17.2.2025، کەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت، لە رێورەسمێکدا لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر رایگەیاند، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 کارەبا لە تەواوی هەرێمی کوردستان دەبێتە 24 کاتژمێری و لەم کابینەیەدا یەک هەزار و 700 مێگاوات کارەبا زیادیکردووە.

لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، وەزیری سامانە سروشتییەکان رایگەیاند، لە لایەنی هونەرییەوە هیچ کێشەیەک نەماوە و پێشبینی دەکەن تا کۆتایی مانگی سێ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە.

هەر ئەمڕۆ حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، لەماوەی هەفتەیەکدا رێکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێدەکەین و “دەچینە هەولێر و دانوستانی زیاتر دەکەین”.

رۆژی 25ـی ئاداری ساڵی رابردوو، دادگای ناوبژیوانی پاریس تورکیای ناچارکرد بە راگرتنی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 14%ـی کۆی هەناردەی عێراق پێکدێنێت.

15 ملیار دینار بۆ پڕۆژەکانی کارەبا لە سلێمانی و هەڵەبجە ...

15 ملیار دینار بۆ پڕۆژەکانی کارەبا لە سلێمانی و هەڵەبجە و راپەڕین خەرج کراوە