تۆنى لە 850 هەزارە
هەر لیترێک غاز 100 دینار بەرز بووەوە
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
لە دوو رۆژی رابردوودا لە هەولێر، نرخی غاز ئۆتۆمبێل بۆ هەر لیترێک 100 دینار زیادی کردووە، یەک تۆنی غازیش نرخەکەى گەیشتووە بە 850 هەزار دینار، سەرۆکى ئەنجومەنى بەنزینخانەکانىیش دەڵێت،”لەدەست ئێمەدا نییە”.
جەنگی مەجید، ئەندامى ئەنجومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر بە 964ـى، وت،” ئەو غازانەی لە بەنزینخانەکان دەفرۆشترێت کۆمپانیای تایبەت مامەڵەى پێوە دەکات، ئێمە ناتوانین نرخیان بۆ دابنێین، بەڵکو تەنیا دەتوانین نرخ بۆ غازی حکومی دیارى بکەین”.
لەبارەى هۆکارى بەرزبوونەوەى نرخى غاز، نوێنەری کۆمپانیایەکی غاز بە 964ـى وت،”ئێمە غاز لە پارێزگای سلێمانی هاوردەی هەولێر دەکەین، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی نەهاتنی غاز لە سلێمانی بۆ هەولێر نرخی غاز بەرز بووەتەوە، بەڵام لە پارێزگای سلێمانی هەمان نرخی پێشترە”.
ئەو نوێنەرى کۆمپانیاى غازە پێى وایە، هۆکارى بەرزبوونەوەى غاز بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، لە ئێستادا هاوردەى هەردوو وڵاتى ئێران و پاکستان دەکرێت.
ئاشکراشى کرد، لە دوو رۆژى رابردوو یەک تۆن غاز بووە بە 850 هەزار دینار، بەمەش لیترێک غازى لە 425 دینارەوە گەیاندووە بە 525 دینار.
964 لە جەنگی مەجید، ئەندامى ئەنجومەنی بەنزینخانەکانی هەولێرى پرسی هۆکارى گرانبووى غاز ئەوەیە کە رەوانەى ئەو دوو وڵاتە دەکرێت کە نوێنەرى کۆمپانیاکان دەیڵێن؟، لە وەڵامدا وتى،” ئێمە نازانین ئەوان باشتر دەزانن”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح