كەركوک
بە نارنجۆک هێرش كرایەسەر ماڵێک و بریندار هەیە
964+
كاروان ساڵحی – كەركوك
كەمێك پێش ئێستا لە گەڕەكی حەی عەسكەری لە شاری كەركوك، بە فیشەك و نارنجۆك هێرش كرایەسەر ماڵێك و بە پێی زانیارییە سەرەتاییەكانیش كەسێك بریندارە.
سەرچاوەیەكی ئاگادار كە شایەتحاڵی رووداوەكەیە، ئەو زانیارییانەی بە 964ی راگەیاند و ئاماژەی بەوەدا رووداوەکە پێدەچێت بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە بێت.
نوێکرایەوە 10:44
رووداوەكە چی بوو؟
موراد مستەفا، كە خاوەنی ئەو ماڵەیە تەقەیان لێكردووە، بە 964ی راگەیاند، پێنج یان شەش كەس بە ئۆتۆمبێلێكی نیسان پەتڕۆڵ “بێ تابلۆی ژمارە” هێرشیان كردووەتە سەر ماڵەكەی و تەقەیان لێكردووە و نارنجوكێشیان فڕێداوەتە ماڵەكەی.
وتیشی، “ئەوان دەناسم و ناوەكانیان دەزانم، داوای خانوویەكم لێدەكەن، كە لە گەڕەكێكی دیكە هەمە و دەیانەوێت بە سەرانە لێم بستێنن و هەڕەشەیان لێكردووم”.
964 لە شوێنی رووداوەكە ئامادەبوو، زانیاریی ئەوەی وەرگرت، منداڵێک لە هێرشەكە بریندار بووە، كە منداڵی دراوسێی ئەو ماڵە بووە كە هێرشیان كراوەتەسەر.
سەرچاوەیەكیش لە پۆلیسی كەركوك زانیاریی ئەوەیان بە 964 دا، ناوی كەسەكان و ناونیشانی ئۆتۆمبێلەكەیان بە سەرجەم بنكەكانی ناوشار و مەفرەزەكانی پۆلیس، هەروەها بازگەكانی دەرەوەی شاری كەركوک داوە، بۆ ئەوەی دەستگیریان بكەن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا