دیمەنیک لە بەفر بارین - وێنە: 964
"سەرمای سەختیشی لەگەڵە"
شەپۆلێکی بەفر و بارانی باش بەڕێوەیە؛ گەرمیانیش سپیپۆش دەکات
964+
شۆڕش قادری
هەرچەندە بەرەو کۆتایی چلەی زستان دەڕۆین، بەڵام بەفر و باران کۆتایی نەهاتووە و شەپۆلێکی باش بەڕێوەیە، بەشێوەیەک پێشبینی دەکرێت ئەمجارە بەفر گەرمیانیش بگرێتەوە و سەرمای سەختیشی لەگەڵدایە.
محەمەد کەمال شارەزای کەشناسی بە 964ـی وت، “ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە شەپۆلێکی لاوازی بەفر و باران روو لە کوردستان دەکات و زوو کۆتایی دێت، بەڵام لە 20 بۆ 27ـی ئەم مانگە شەپۆلێکی بەهێزی بەفر و باران هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و سەرماوسۆڵەی سەختیشی لەگەڵدایە”.
“تائێستا پێشبینییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لەو شەپۆلەدا بەفرێکی باش دەبارێت، بەشێوەیەک بەفر بەشێک لە ناوچەکانی گەرمیان لەوانەش کەلار دەگرێتەوە و عەرز سپی دەکات”، محەمەد کەمال وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، پێشبینییەکان بۆ مانگی سێـی ئەمساڵ دڵخۆشکەرن و مانگێکی تەڕ و باراناویمان دەبێت.
بەراورد بە ساڵانی رابردوو، ئەمساڵ تا ئەم کاتە بەفر و بارانی زۆر نەباریوە و هەندێک ناوچەی کوردستان هێشتا مەترسی وشکەساڵیان لەسەر نەڕەویوەتەوە.