
دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ
زیاتر لە 39 هەزار ئۆتۆمبێل لە باشماخەوە هاتوون و چوون
هاتوچۆی گەشتیار لە مەرزەکانی باشماخ و سەیرانبەن زیادی کردووە
964+
شۆڕش قادری
هاتوچۆی گەشتیار لە مەرزەکانی باشماخ و سەیرانبەن زیادی کردووە و لە 10 مانگدا یەک ملیۆن و 334 هەزار و 117 کەس لەو دوو مەرزەوە هاتوچۆیان کردووە.
ئاژانسی هەواڵی ئیرنا لەزاری فەرامەرز ئومیدی چاودێری گومرگی پارێزگای سنە بڵاویکردووەتەوە، “لە 21.3.2024 تا 21.1.2025 یەک ملیۆن و 207 هەزار گەشتیار لە دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ و 127 هەزار و 117 گەشتیاریش لە مەرزی سەیرانبەنەوە هاتوچۆیان کردووە”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەراورد بە ساڵی رابردوو لەو کاتەدا، ئاماری هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان 16٪ و ئاماری چوونی گەشتیاران بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران 26٪ زیادی کردووە.
ئومیدی راشیگەیاندووە، هەر لەو ماوەیەدا زیاتر لە 39 هەزار ئۆتۆمبێل لە دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخەوە هاتوچۆیان کردووە، لەو ژمارەیەش 16 هەزار و 546 ئۆتۆمبێل هاتوونەتە هەرێم و 19 هەزار و 449 ئۆتۆمبێلیش چوونەتە ئێران.
دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ، یەكێكە لە چوار مەرزە نێودەوڵەتییەكەی هەرێمی كوردستان و قەزای پێنجوێنی سەر بە پارێزگای سلێمانی بە شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەبەستێتەوە، نزیكەی شەش كیلۆمەتر لە پێنجوێنەوە دوورە و بە یەكێك لە دەروازەی گرنگەكانی سەرچاوەی داهاتی هەرێم دادەنرێت، مەرزی سەیرانبەنیش یەکێکە لە مەرزە نافەرمییەکانی هەرێم و لە نێوان پێنجوێن و شاری بانەی سەربە پارێزگای سنەـدایە.