كۆبوونەوەیەكیش كرا

هاوپەیمانان لە مۆزەخانەی هێزەكانی پشتیوانی یەک چییان بینی؟

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

تیمێک لە هێزەكانی هاوپەیمانان لەگەڵ فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانی یەک كۆبوونەوە، سەردانێكی مۆزەخانەی هێزەكەشیان كرد.

راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە بڵاویكردەوە، لە بارەگای کەتیبەی ئەندازەی سەربازیی هێزەکانی پشتیوانی یەک، كۆبوونەوەیەك لە نێوان فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانی یەک سیهاد بارزانی و بەرپرسی دەستەی راوێژکاری هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ کاروباری ئۆپەڕاسیون کۆڵۆنێڵ باس براست و تیمێکی یاوەری کرا.

وەك لە راگەیاندراوی وەزارەتی پێشمەرگە هاتووە، “لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیان لە بارەی هاوکاری و هاوئاهەنگییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە کرد و دووپاتیان لە بەردەوامی هاوئاهەنگییەکان کردەوە”.

“تیمەكەی هێزەكانی هاوپەیمانان بە شێوەیەکی مەیدانی بەشەکانی مۆزەخانەی فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانی یەکیان بەسەرکردەوە، کە تایبەتە بە هەڵگرتنی پاشماوەی تەقەمەنی و بۆمبە چێندراوەکان و چەکە قورسەکان، کە لەسەردەمی جەنگی تیرۆریستانی داعش لەلایەن یەکەی ئەندازەی هێزەکانی پشتیوانی یەک دەستیان بەسەرگیراوە و پوچەڵ کراونەتەوە، لە کاتی پاککردنەوەی رێگا و پاککردنەوەی تونێل و ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژ کراوەکان کە لە ماوەی شەڕی تیرۆریستانی داعش کەوتوونەتە دەست فەرماندەیی هێزەکانی پشتیوانی یەک”، راگەیاندراوەكەی وەزارەتی پێشمەرگە وای نووسیوە.