سبەینێ

هەورەبروسکە قەڵادزێ بێ ئاو دەکات

964+

محەمەد عەلی ـ قەڵادزێ

هەورەبروسکە لە پڕۆژەى ئاوى خاسى قەڵادزێى داوە و بەهۆیەوە سبەینێ دانیشتوانى قەزاکە بێ ئاو دەبن.

مارف مەحمود، بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئاوی خاس لە قەڵادزێ، بە 964ـى وت،” ئەمڕۆ هەینی هەورە بروسکەیەک لە وێستگەیەکی کارەبای پڕۆژەکەمانی داوە شۆرتی کردووەو کارەبایی نیشتیمانی نایەت بۆ ناو  پڕۆژەکەمان، بەهۆیەوە ناتوانین سبەنێ ئاوی خواردنەوەی دانیشتوانی قەڵادزێ دابین بکەین تاگرفتەکە چارەسەر نەکرێت”.

وتیشى،”هەرچەندە لە بەرەبەیانى ئەمڕۆوە هەورە بروسکەکە کارەباى بڕیوە، بەڵام بەهۆى ئەوەى رۆژى هەینى بووە و پشوو بووە هەستمان بە گرفتەکە نەکردووە، دواتر پەیوەندیمان بە کارەباى قەڵادزێوە کردووەتەوە بۆ ئەوەى گرفتەکە چارەسەر بکەن”.

وەک ئەوەى باسى دەکات، بڕیارە بەیانى تیمێمى تایبەتى چاککردنەوەى کارەباى وێستگەکان لە سلێمانییەوە بچنە شوێنەکە و چارەسەرى گرفتەکە بکەن.

دڵنیایش دەدات، دواى چارەسەرکردنى گرفتەکە دەست بە دابەشکردنى ئاو دەکەن، بەڵام سبەینێ ئاو دابەشناکرێت.

“لە وەرزى زستاندا دانیشتووانى قەڵادزێ رۆژانە پێویستیان بە 20 ملیۆن لیتر ئاو هەیە و لە وەرزى هاویندا خواستەکە بۆ سەروو 30 ملیۆن لیتر بەرز دەبێتەوە” سەرپەرشتیارى پڕۆژەى ئاوى خاسى قەڵادزێ واى وت.

پرۆژەی ئاوی خاس لە قەڵادزێ لە یەك كاتژمێردا توانای بەرهەمهێنانی دوو ھەزار و 800 مەتر سێجا ئاوی خواردنەوەی هەیە و لە باری ئاساییدا رۆژانە 31 ھەزار مەتر سێجا ئاوی خاوێن بۆ نزیكەی 90 ھەزار هاوبەشی ئاو لە قەزای قەڵادزێ دابین دەكات.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

کێشەی پڕۆژەی ئاوی خاس لە قەڵادزێ چارەسەر کرا

کێشەی پڕۆژەی ئاوی خاس لە قەڵادزێ چارەسەر کرا