دەروازەی زانکۆی کۆیە _ وێنە: 964
دوو هەزار و 500 کتێبی تێدایە
مامۆستایەک کتێبخانەیەکی ئەلیکترۆنی لە زانکۆی کۆیە دروستدەکات
964+
عەزیز عەبدوڵا – چەمچەماڵ
مامۆستایەکی زانکۆی کۆیە، کتێبخانەیەکی ئەلیکترۆنی دروستکردووە، دوو هەزار و 500 کتێبی لە بوارە جیاجیاکان تێدایە و نیازی وایە فراوانتریشی بکات.
ئەنجام ئەنوەر، لێپسراوی كتێبخانەی فاكەڵتی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشیەکان لە زانکۆی کۆیە بە 964ـی وت، ”بە پاڵپشتی راگرایەتی فاكەڵتی و بە هاوكاری سەرۆکایەتی بەشی سەنتەری توێژینەوەی وەرزشی، توانیم كتێبخانە ئەلیكترۆنیەکە دروست بکەم بۆ فاكەڵتیەكەمان.
وتیشی، كتێبخانەكە پێكهاتووە لە دوو هەزار و 500 كتێب، لە 20 پسپۆری جیاوازی وەرزشی، ماستەرنامە و تێزی دكتۆرا لە بواری وەرزش.
باسی لەوەشکرد، زیاتر لە چوار مانگ سەرقاڵی پرۆژەکە بووە، 1000 كتێبی تر بە زمانی كوردی لە پسپۆریە جیاوازەكانی تری وەكو پزیشكی، پەروەردە، سیاسەت، مێژوو، زمان و ئەدەب و رۆمانی كوردی و چەندان پسپۆری دیکەی تێدایە.
روونیشیکردەوە، ئەم پڕۆژەیە كار ئاسانی تەواوی بۆ خوێندكاران و مامۆستایانی فاكەڵتیەكە کردووە، خوێندکارانی خوێندنی باڵا بۆ هەر سێ ئاستی (دبلۆم، ماستەر و دکتۆرا) بۆ گەیشتن بە زۆرترین سەرچاوەی زانستی و ئەكادیمی سوودی لێ دەبینن.
پلانیشی هەیە لە داهاتوویەکی نزیک دا پرۆژەکە فراوانتر بکات و دوو هەزار کتێبی دیکەی وەرزشی بۆ زیاد بکات.
لینکی کتێبخانەی ئەلیکترۆنی فاکەڵتی پەروەردەی جەستە و زانستە وەرزشیەکان لە زانکۆی کۆیە.
Screenshot