بەهۆیەوە دەیان شۆفێری تانکەر بێ کار بوون

کۆمپانیایەکی وەرگرتنی سوتەمەنی لە دیوی رۆژهەڵاتی کوردستان کارەکانی راگرتووە

کامیار کەمال – پێنجوێن

سەرەتا هەواڵەکە وا بڵاوبووەوە کە سزای داریی لەسەرە، بەڵام بەهۆی ئەنجامدانی حساباتی ساڵانە کۆمپانیایەکی عەمبارکردنی سوتەمەنی لە رۆژهەڵاتی کوردستان کارەکانی تا دوای نەورۆز راگرتووە و زیاتر لە 100 شۆفێریش بێکار دەبن.

سەرحەد سدیق نوێنەری کۆمپانیاکەیە لە کوردستان و بە 964ـی وت، هۆکاری ئەو ماوە زۆرە کە کۆمپانیا دایناوە ئەوەیە بە شێوەیەکی جیاواز و نوێ دەست دەکەنەوە بە کارکردن و کۆمپانیاکە رێکارەکانی دەگۆڕێت.

وتیشی، زیاتر لە 100 شۆفێری کۆمپانیاکە لەو ماوەیەدا بێ کار دەبن و کۆمپانیاکەش وەرگرتنی سوتەمەنی راگرتووە و ئەوەش کاریگەری لەسەر ئەو شۆفێرانە دەکات کە باریان دەهێنا بۆ ئەو عەمبارە.

نوێنەری کۆمپانیاکە ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لەوە دەکرا سزای ئەمریکا چووەتە سەر کۆمپانیاکە و رەتیشی کردەوە هەناردەی کۆمپانیاکە راوەستابێت بەو هۆکارانە و تەنها حساباتی ساڵانەیە.

964 ئەوەی زانیوە کە ماوەی پێنج رۆژە شۆفێری تەنکەرەکان ئاگادرکراونەتەوە کە باری سوتەمەنی وەرناگیرێت و بەوەش نزیکەی 900 تانکەر لە ئێستادا ناتوانن سوتەمەنی بار بکەن، لە کاتێکدا لا پێشوودا هەفتەیەک بە لایەنی کەمەوە دوو جار باریان هەبووە.

ئەو تانکەرانەش هاتوچۆیان لە رۆهەڵاتی کوردستانەوە بۆ هەرێمی کوردستان بووە و لە ئێستادا بە قەولی کۆمپانیاکە تا دوای نەورۆز بێ کار دەبن

پێداچوونەوە: توانا نەقی