پاک و خاوێن نەبوون

لە سۆران نانەواخانەیەک داخرا و سێ شوێنکار و نۆ سەرتاشخانەش سزا دران

شۆڕش قادری

لە سۆران نانەواخانەیەک داخرا و سێ شوێنکار و نۆ سەرتاشخانەش سزا دران، لەبەرئەوەی پاک و خاوێنی شوێنەکانیان رانەگرتووە و پابەندی رێنماییەکانی تەندروستی نەبوون.

سەفا سەیدخان دۆڵەمەڕی بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سۆران بە 964ـی وت، “لە پێناو تەندروستی هاوڵاتیان و لە درێژەی کار و چالاکییەکانی لیژنەی پشکنین و چاودێری بازار لە سنوری قەزای ناوەندی سۆران و ناحیەی دیانا، ژمارەیەک شوێنکار و شوێنی بازرگانیمان بەسەرکردەوە و رێنماییمان پێدان”.

“بەهۆی پابەندنەبوون بە رێنماییەکان و رەچاونەکردنی پاک و خاوێنی، نانەوخانەیەکمان بۆ ماوەی حەوت رۆژ داخست و سێ شوێنکار و نۆ سەرتاشخانەش سزای دارایی دران”، سەفا سەیدخان وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، پسولەی ئاگادارکردنەوەیان داوە بە 12 سەرتاشخانە، لەبەرئەوەی مۆلەتی تەندروستی و کارتی تەندروستیان نەبووە.

بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سۆران داوایشی لە هاوڵاتیانی دەڤەرەکە کرد، لەکاتی چوونیان بۆ سەرتاشخانەکان، ئاگاداری ئەوە بن تەنها مووسی سەفەری و خاولی سەفەری بەکار بهێنن، بەپێچەوانەوە ئەگەری هەیە تووشی نەخۆشییە گوازراوەکان ببن.