پارێزگاری لە ریزبەندی یەکەمی کرد

شێروانە دێربی گەرمیانی بردەوە

میلاد جەلال – گەرمیان

ئەمڕۆ دووشەممە، لە خولی نایابی کوردستان، دێربی گەرمیان لە نێوان هەردوو یانەی رزگاری و شێروانە ئەنجامدرا، شێروانە بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە یەک گۆڵ یارییەکەی بردەوە و پارێزگاری لە ریزبەندی یەکەمی کرد.

عادل عەلی، ڕاھێنەری یانەی شێروانە بە 964ى وت،”دەبوو ھەر گێمی یەکەم، یارییەکە یەکلایی بکەینەوە، بەڵام چانس یاوەرمان نەبوو”.

“لە گێمی دووەمی یارییەکە چەند گۆڕانکاریەکمان ئەنجامدا و لەدوا خولەکەکاندا توانیمان دوو گۆڵی یەک لەدوای یەک تۆمار بکەین و لە ربزبەندی خولی نایابی کوردستان بمێنینەوە”، عادل عەلی وای وت.

راھێنەر و یاریزانانی یانەی رزگاری ئامادە نەبوون لەسەر ئەنجامی یارییەکە ھیچ قسەیەک بکەن.

یانەی شێروانە بە 32 خاڵ لە ریزبەندی یەکەمی خولی نایابی کوردستانە و یانەی رزگاریش بە 25 خاڵ لە ریزبەندی چوارەمە.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری