ئیفراز کردنی زەوی _ وێنە: 964
هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
قۆناغی دووەمی پێدانی زەوی بە فەرمانبەران دەست پێدەکات
964+
ژێوار خدر
بەسەرپەرشتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار قۆناغی دووەمی پێدانی زەوی بە فەرمانبەران لە ئایندەیەکی نزیکدا دەستپێدەکات و نزیکە 40 هەزار پارچە زەوی لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێم دابەشدەکرێت.
کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر بە 964ـی وت، لە ئایندەیەکی نزیکدا دەستدەکرێت بە دابەشکردنی قۆناغی دووەمی پێدانی زەوی، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی نزیکەی 40 هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەکرێت.
وتیشی، پێدانی زەوی هەموو ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، لە فەرمانبەرانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە، سۆران، راپەڕین، گەرمیان و زاخۆ
باسی لەوەشکرد، پێشتر و لە قۆناغی یەکەمدا، نزیکەی سێ هەزار پارچە زەوی دابەشکراوە، ئەم پڕۆسەیەش بەردەوام دەبێت لە داهاتوودا، تا هەموو ئەو فەرمانبەرانەی کەرتی گشتی کە مەرجەکانیان تێدایە سوودمەند دەبن.
حکومەتی هەرێمیش رایگەیاند، کە مامەڵەی وەرگرتنی وەجبەی دووەمی پێدانی زەوی بۆ 27 وەزارەت و فەرمانگە تەواو بووە، کە تێیدا 240 هەزار و 111 فەرمانبەر لە وەرگرتنى زەوی سوودمەند دەبن.
رۆژی 27.3.2024، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیاری بەخشینی زەوی بە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دا، تا ئێستا قۆناغێکی جێبەجێکراوە و نزیکە سێ هەزار فەرمانبەر سوودمەند بوون لە وەرگرتنی زەوی.