تاجە گوڵینەیان بردە سەر گۆڕەکەی

دواین ماڵئاوایی ھاوڕێ و ھاوپیشەکانی وریا حەمەکەریم لەسەر گۆڕەکەی

ئەمەل ناجی – ھەڵەبجە

لە سێیەم رۆژی ژیانئاوایی رۆژنامەنوس وریا حەمەکەریم، سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان لقی ھەڵەبجە، رێکخراوەکانی ھەڵەبجە، ھاوڕێ و ھاوپیشەکانی بە کۆمەڵ سەردانی گۆڕەکەیان کرد و تاجە گوڵینەی رێز و وەفایان لەسەر گۆڕەکەی دانا.

رۆژی 6.2.2025 لە سەرلەبەیانییەکی زوودا لەسەر رێگەی سلێمانی – عەربەت دوای ئەوەی وریا لە ئۆتۆمبێلەکەی دادەبەزێت بۆ ھاوکاریکردنی ئۆتۆمبێلێکی دیکە، کە لەسەر رێگە پەکی کەوتووە، بارھەڵگرێک کە بارێک تەماتەی پێبووە، کۆنتڕۆڵ لەدەستدەدات و بە خێراییەکی زۆر خۆی دەکێشێت بە ھەردوو ئۆتۆمبێلەکەدا، سەرەنجام وریا حەمەکەریم و شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەی دیکەش گیانلەدەستدەدەن.

وریا لە دایکبووی ساڵی 1987 بوو، تاقانەی دایکی بوو، ماوەی 12 ساڵ بوو وەک پەیامنێری کەناڵی NRT کاری دەکرد، بەم دواییەش بەرنامەیەکی بەناوی گەڕیدە ئامادە و پێشکەش دەکرد، لە دوای خۆشی دوو منداڵی بە ناوەکانی محەمەد و ترێ بەجێھێشتووە.

پێداچوونەوە: هاوبەش