نزیکەى 12 تۆن پرتەقاڵى کەڕوو لێدراو دەستى بەسەرداگیرا

وریا فەتاح

درەنگانێکى شەوى رابردوو، کۆنتڕۆڵی جۆری بەروبوومی کشتوکاڵی گەرمیان لە ناو عەلوەى کەلار، دەستیگرت بەسەر نزیکەى 12 تۆن پرتەقاڵى کەڕوو لێدراو کە شیاروى خواردن نەبوو.

دکتۆر محەمەد کوێخا زەند، بەڕێوەبەرى تاقیگەى کۆنتڕۆڵى جۆرى کشتوکاڵى گەرمیان بە 964ـى وت،” کاتژمێر 11ـى شەوى رابردوو، رێگریمان کرد لە داخلبوونی بارهەڵگرێکى گەورەی پرتەقاڵ خراپیوو لە عەلوەی کەلار کە بڕەکەى 10 بۆ 12 تۆن دەبوو”.

وەک باسى دەکات، دواى ئەوەى لە تاقیگەکەیان پشکنین بۆ پرتەقاڵەکان کراوە، دەرکەوتووە کە شیاوى خواردن نەبوون.

بە وتەى محەمەد کوێخا زەند، پرتەقاڵەکان توشى یەکێک لە نەخۆشییەکانى کەڕوو ببون، بۆ خواردن شیاو نەبوون و هەرکەس بیخوات توشى ژەهراویبوون و نەخۆشییەکانى ریخۆڵەى دەکات.

روونیشى کردەوە، راستە بەڕێژەى نزیکەى 50%ـى پرتەقاڵەکان دیوى دەرەوەیان بێ کێشەیە و کەڕوویان پێوە دیار نییە، بەڵام ئەو کەڕووە تۆڕێکە و هەموو بارەکەى گرتووەتەوە و لەسەر بەشێکى دەرناکەوێت یان درەنگ دەردەکەوێت، بەڵام خواردنى هەمان زیانى هەیە.

جەختیش دەکاتەوە، 24 کاتژمێر کۆنتڕۆڵی جۆری عەلوەی کەلار کار دەکات لە پێناو تەندروستی و سەلامەتی هاوڵاتیان بە پشکنینی بەردەوام و لەناوبردنی ئەو سەوزەو میوە و بەروبومە کشتوکاڵیانەی کە شیاوی خواردن نین و لە پشکنینەکانیان دەرناچن.