لە سنوورى دینارتە

بەهۆى بۆردوومانەکانى تورکیاوە سێ گوند چۆڵکران

964+

وریا فەتاح

بۆردومانى بەردەوامى سوپاى تورکیا واى کردووە ئەمڕۆ دانیشتوانى سێ گوندى سنوورى ناحیەى دینارتە، گوندەکانیان چۆڵ بکەن.

کامەران مەلا عوسمان، رێکخەرى تیمى کوردستانى رێکخراوى CPTـى ئەمەریکى بە 964ـى وت،”دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، بەهۆی بۆردوومانی چڕی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سوپای تورکیا و مەترسی ئۆپەراسیۆنی خاکڕەوی لە ناوچەکەدا، گوندنشینانی هەر سێ گوندی (نپاخێ، بێرکەکورێ و کافیا) لە بناری چیای گارا، لە ناوچەی زێباری، لە ناحیەی دینارتەی سەر بە قەزای ئاکرێ، گوندەکانی خۆیان چۆڵکرد”.

وەک باسى دەکات، گوندنشینانى ئەو سێ گوندە رویان لە ماڵی خزم و کەسوکارەکانییان لە ناحیەی دینارتە و قەزای ئاکرێ کردووە.

هەر ئەمڕۆ، لەکاتژمێر 3:40 خولەکى دوانیوەڕۆدا، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سوپای تورکیا بۆردوومانی خانووی هاووڵاتییەکی مەدەنییان لە گوندی مژێی بەری گارە، لە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک، کرد.

“لە رۆژی 4ـی شوباتدا، هێزە ئەمنییەکانی قەزای ئاکرێ، دانیشتووانی هەر سێ گوندی نپاخێ، بێرکەکورێ و کافیایان ئاگادارکردبۆوە، کە لە ماوەی سێ رۆژدا گوندەکانیان چۆڵبکەن، ئەگەرنا سەلامەتی گیانیان لەسەر خۆیانە”، کامەران واى وت.

بەهۆی ئۆپەراسیۆن و لەشکرکێشییە بەردەوامەکانی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان، تاوەکو ئێستا 183 گوند بەتەواوی چۆڵبوون و 602 گوندی تر مەترسی چۆڵبوونیان لەسەرە و نزیکە 400 گوندیش نەتوانراوە ئاوەدان بکرێنەوە.

لە بۆردومانەکەى ماوەت سێ کەس گیانیان لەدەستداوە

لە بۆردومانەکەى ماوەت سێ کەس گیانیان لەدەستداوە