لۆگۆی ئاسایشی سلێمانی.
رووداوەکە لەسەر رێگای سلێمانی - پێنجوێن بووە
ئەو شۆفێرەی چەقۆی وەشاند و ئۆتۆمبێلێکی وەرگەڕاند دەستگیرکرا
964+
ژێوار خدر
دەزگای ئاسایشی هەرێم – سلێمانی کەسێکیان دەستگیر کردووە کە چەقۆی لە شۆفێرێک داوە و دواتریش شوێنی کەوتووە و شۆفێرەکە ئۆتۆمبێلەکەی وەرگەڕاوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە و سەرنشینێکیش برینداربووە.
دەزگای ئاسایشی هەرێم – سلێمانی ئەمڕۆ هەینی 7.2.2025 رایگەیاند، تۆمەتباری ئەو رووداوی هاتوچۆیەیان دەستگیر کردووە، کە لە شەوی 5.2.2025 لە رێگەی پێنجوێن – سلێمانی روویدا و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و کەسێکی دیکەش برینداربوو.
دەشڵێت، “دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەسەر هۆکاری روودانی رووداوەکە، دەرکەوت هۆکارەکە دروستبوونی شەڕ و دەمەقاڵێ بووە لەنێوان دوو شۆفێر لەناحیەی ناڵپارێز، یەکێک لەشۆفێرەکان بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەر شۆفێری بەرامبەری و برینداری کردووە و دواتر شوێنی کەوتووە، ئەوە بووەتە هۆی وەرگەڕان و گیان لەدەستدانی شۆفێرەکە و برینداربوونی یەکێک لە سەرنشینانی و دواتر تۆمەتباری رووداوەکە هەڵهاتووە”.
باسی لەوەشکردووە، دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە رووداوەکە تۆمەتبارەکە دەستنیشانکراوە و تۆمەتبار خۆی رادەستی هێزەکانی ئاسایش کرد و رووبەڕووی یاسا کراوەتەوە.
ئێستاش تۆمەتبارەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوە لە کەیسەکەی بەردەوامە.