لە هەولێر
شاڕاز و مەملەکەتی پێغەمبەران پرفرۆشترینەکانی ئەم هەفتەیەن
دەشتی عارف ـ هەولێر
ئەم هەفتەیە لە هەولێرین پرسیارمان لە چەند کتێبفرۆشێک کرد، لە چوارریانی شێخ مەحمود و کتێبفرۆشانی پشت بیناى پارێزگا، پڕفرۆشترین کتێب لەم هەفتەی رابردوو لە هەر کتێبخانەیەک جۆرە کتێبێکە و بەزۆریش خوێنەری کتێبی ئایینی لە ئاستێکی بەرزدایە.
لە ئیمان کتێبەکانی بەلاغە پڕفرۆشترینن
حەسان محمد، بەرێوەبەری کتێبخانەی ئیمان، بۆ 964 دوا و وتی، “کتێبخانەی ئیمان زۆربەی کتێبەکانی ئاینین و پڕفرۆشترین کتێبەکانی ئێرە، چەند کتێبێکی عەرەبین لەوانە؛ كيف تتقن النحو، كيف تتقن الصرف، كيف تتقن البلاغة، ئەوانیش زۆربەی ئەو کەسانە دەیبەن کە خوێندکاری بەشە عەرەبییەکانن یان دەیانەوێت فێری زمانی عەرەبی بن، خوێندکارانی خوێندنی ئیسلامییەکانیش سوودیان لێ دەبینن و دەیانبەن، ناوەڕۆکی کتێبەکەش بنەماکانی زمانی عەرەبی دەخاتە روو لە دەربڕین و ووشەسازی”.
پڕفرۆشترین کتێبی ناوەندی حاجی قادری کۆیی کتێبی مەملەکەتی پێغەمبەرانە
هیوا ئازاد، بەرێوەبەری فرۆشتن لە ناوەندی حاجی قادری کۆیی، بۆ پڕفرۆشتن کتێب لە ناوەندەکە وتی، “کتێبی مەملەکەتی پێغەمبەران لە نوسینی ماکوان کەریمە، کتێبەکە لە سێ بەرگ پێکهاتووە و باسی 50 پێغەمبەر دەکات کە لە قورئان و ئینجیل و تەوڕات باسیان کراوە و نووسەر تێڕوانینی خۆیشی دەخاتە روو سەبارەت بە چیرۆکەکانیان”.
ئەو کتێبەی لە وڵاتان قەدەغە کراوە لای ناوەندی ئاوێر پڕفرۆشترینە
حەسەن عالی، خاوەنی ناوەندی ئاوێر، دەربارەی پڕفرۆشترین کتێب بۆ 964 وتی، “کتێبی شاڕاز کتێبێکی پڕ فرۆشە لە کتێبخانەکەی ئێمە، نوسەری کتێبەکە دەیڤد نایکە و لەلایەن سیروان بیەیی کاری وەرگێرانی بۆ کراوە، ناوەڕۆکی کتێبەکە باسی نهێنەکانی ماسۆنی و دیوە شاراوەکانی جیهان دەکات و بەهۆی هەستیاری ئەو زانیارییانەی کە نوسەر باسی کردووە لە بەشێک لە وڵاتان ئەو کتێبە قەدەغەکراوە، بەڵام لەناو کوردستان و عێراق فرۆشێکی باشی هەیە و تەنیا لە ناوەندەکەی ئێمە 500 دانەی لێ فرۆشراوە”.