
964+-پۆلیسی هەولێر
تەرمی ژنێک بە سووتاوی لە نزیک بەحركە دۆزرایەوە
پۆلیسی هەولێر: ئەمڕۆ وردەكارییەكان دەخەینەڕوو
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
تەرمی ژنێک كە كوژراوە و دواتر سووتێندراوە، لە نزیك قەزای بەحركەی سەر بە هەولێر دۆزرایەوە، دەنگۆی ئەوە هەیە کوژراوەکە ژنە بلۆگەرێكی عێراقییە، وتەبێژی پۆلیسی هەولێریش دەڵێت، ئەمڕۆ لە راگەیاندراوێكدا وردەكارییەكان بڵاودەكەنەوە.
دوێنێ سێشەممە تەرمی ژنێك لە نزیك قەزای بەحركە و لە چۆلەوانییەک دۆزرایەوە، كە كوژراوە و دواتر سووتێندراوە، بەڵام تا ئێستا ناسنامەی كەسە دیار نییە بە روونی كێیە.
بە گوێرەی هەندێك پەیجی سۆشیال میدیا، ئەو ژنەی كوژراوە بلۆگەرێكی عێراقییە بە ناوی “ن. د” و وێنەكەشی بڵاوكراوەتەوە و زانیاریی ئەوەشیان باسكردووە، كە لە لایەن هاوڕێیەكی خۆی كە خەڵكی سوریایە، لە هەولێر كوژراوە و بكوژەكەش دەستگیركراوە.
964 پەیوەندی بە وتەبێژی پۆلیسی هەولێر كارزان ساڵح كرد، ئەویش رایگەیاند، ئەمڕۆ راگەیاندراوێكیان دەبێت و هەموو وردەكارییەكان لە بارەی رووداوەكە روون دەكەنەوە.