دوای هێرشەکە سەلمان روشدی بە کتێبێکی نوێوە دەرکەوتەوە

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

دوای شەش مانگ لە هێرشکردنە سەری، نووسەری بەناوبانگی هیندستان، سەلمان روشدی دەرکەوتەوە و رۆمانی “شاری سەرکەوتن”ـیش دەکاتە دیاریی خوێنەرانی.

رۆژی 22ـی ئابی 2022 سەلمان روشدی لە کاتی پێشکەشکردنی وتارێک لە دامەزراوەی چاوتاوکوا لە شاری چاوتاوکوا لە نیوۆرک لە ئەمەریکا هێرشی کرایەسەر و هێرشکارەکە چەند چەقۆیەکی لە ملی نووسەرە هیندییەکە دا، دوای ماوەیەکیش پزیشکەکان رایانگەیاند، ناوبراو چاوێکی لە دەست داوە.

دوای شەش مانگ لەو هێرشە، سەلمان روشدی بە یەک چاو و رۆمانێکی نوێوە دەرکەوتەوە.

رۆمانی “شاری سەرکەوتن” باس لە ژنێکی شاعیر و حیکایەتخوان دەکات، کە لە رێی هێزی خەیاڵی خۆیەوە شارستانییەتێکی نوی بنیات دەنێت و ماوەی 240 ساڵ دەخایەنێت، ئەو ماوەیەش بەسە بۆ ئەوەی سەرکەوتن و رووخانی ئەو مەملەکەتە لە خوارووی هیندستان بە چاوی خۆی ببینێت.

روشدی لەدایکبوونی ساڵی 1947ـی شاری مۆمبایە لە هیندستان. سەلمان روشدی بە نووسینی رۆمانی ئایەتە شەیتانییەکان لە 26ی ئەیلوولی 1988دا تووشی رەخنەیەکی زۆری جیهانی ئیسلامی بووەوە، تا گەیشتە ئەوەی خومەینی، رێبەری ئەوکاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە مانگی کانوونی یەکەمی هەمان ساڵدا خوێنی ئەو نووسەرەی حەڵاڵ کرد.