دیمەنی بارانبارین _ وێنە: Webneel
چوارشەممە دەستپێدەکات
شەپۆلى بەفر و بارانەکە تا هەینى بەردەوام دەبێت
964+
وریا فەتاح
کەشناسى هەرێم زانیارى نوێ لە بارەى ئەو شەپۆلى بەفر و بارانە دەخاتەڕوو کە لە چوارشەممەوە دەستپێدەکات و تا هەینى بەردەوامى دەبێت.
کەشناسى هەرێم دەڵێت، لە ئێوارەى رۆژى چوارشەممە کاریگەریى شەپۆڵی نزمەپاڵەپەستۆى دەریاى سپى ناوەڕاست درێژ دەبێتەوە بۆ سەر ناوچەکەمان و سەرەتا لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان و سنوورییەکان و بەشێک لە ناوچەى جیاجیا نمەباران دەستپێدەکات، لە کاتەکانى ئێوارەش بەفرێکى کەم لە سەر ناوچە سنوورییەکان دەبارێت.
روونیشى کردووەتەوە، رۆژى پێنجشەممە کاریگەرى ئەم شەپۆلە لەسەر ناوچەکەمان زیاد دەکات و باران لە سەرجەم ناوچەکانى هەرێم دەبارێت و ئاستى باران مامناوەند و هەندێ کات لێزمەباران دەبێت و ئەگەرى هەورەتریشقەش هەیە.
” لەگەڵ بارانبارین لە ئەنجامى هاتنى بارستەهەوایەکى سارد شەپۆلێکى بەفر بارین ناوچە سنوورییەکان و شاخاوییەکان دەگرێتەوە”، کەشناسى وا دەڵێت .
بەپێى پێشبینییەکانى کەشناسى هەرێم، کاریگەرى ئەم شەپۆلە تا بەیانى رۆژى هەینى بەردەوام دەبێت و پلەکانى گەرماش 5 بۆ 7 پلەى سیلیزى دادەبەزن.