حاڵەتێکی گوماناویتان بینی لایەنی پەیوەندیدار ئاگادار بکەنەوە

بەدواداچوون بۆ بڕینەوەی سنەوبەرەکانی هەڵەبجە دەکرێت

شۆڕش قادری

بەڕێوەبەرایەتیی دارستان و پاوانی هەڵەبجە بەدواداچوون بۆ بڕینەوەی دارسنەوبەرەکان دەکات، کە تەمەنی هەندێکیان نزیکەی 50 ساڵ دەبێت و لەناوبراون.

محەمەد مەحمود بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی هەڵەبجە بە 964ـی وت، “ئەمڕۆ یەکشەممە 2.2.2025 بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ بڕینەوەی چەند دار سنەوبەرێک لە پڕۆژەی دارستانی گوڵان بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەڵەبجە، سەردانی شوێنەکەمان کرد”.

“پاش بینینی شوێنی دارەبڕاوەکان، بڕیاردرا بەدواداچوونی جددی بکرێت بە هاوکاری لایەنە پەیوەندیدارەکان و دۆزینەوەی سەرپێچی کاران و پاشان رووبەڕووی دادگایان دەکەینەوە”، محەمەد مەحمود وای وت.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە چەند شوێنێکی دارستانی گوڵاندا، دارسنەوبەر بڕدراونەتەوە کە تەمەنی هەندێکیان نزیکەی 50 ساڵ دەبێت.

بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی هەڵەبجە لەڕێی 964ـەوە داوای لە هاوڵاتیانی سنوورەکە کرد، هەر کار و جوڵەیەکی گوماناویان بینی، لەهەر دارستانێکی دەستکرد یان سروشتی، لایەنی پەیوەندیداری لێ ئاگادار بکەنەوە.