194 بیرە

عێراق دەست دەکاتەوە بە هەڵکەندن و نۆژەنکردنەوەی ژمارەیەک بیرە نەوت


ئەحمەد مستەفا

بەڕێوەبەرێک لە کۆمپانیان هەڵکەندن و دۆزینەوەی سەرچاوەی سروشتی لە عێراق ئاشکرای کردووە، وڵاتەکە لە پلانیدایە، ئەمساڵ هەڵکەندن و نۆژەنکردنەوە بۆ 194 بیرە نەوت ئەنجام بدات.

کازم خلێف، جێگری بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیا هەڵکەندن و دۆزینەوەی سەرچاوەی سروشتی عێراقی سەر بە وەزارەتى نەوت، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ووتوە، پلانێکی گەورەیان هەیە بۆ ساڵی 2025، کە هەڵکەندنی 64 بیرە نەوت و نۆژەنکردنەوەی 130 بیرە نەوتی دیکەیە.

ئەو بەرپرسە لەبارەی هۆکارەی پەرەپێدان و هەڵکەندنی ئەو بیرانە ئەمڕۆ شەممە 1.2.2025 ئەوەشی وت، ئەم پلانە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی کەرتی نەوتی عێراق.

هەر ئەوەندەش نا، کۆمپانیاکە لە ساڵی 2024، هەڵکەندنی 51 بیر و نۆژەنکردنەوەی 137 بیری نەوتی لە کێڵگە جیاجیاکانی عێراق ئەنجام داوە.