شاندى هەرێم لە بەغدا...وێنە: وەزارەتى دارایى
لە بارەى موچەوە
هەولێر و بەغدا کۆبوونەوەیەکى یەکلاییکەرەوە ئەنجام دەدەن
964+
وریا فەتاح
کۆبوونەوەکانى شاندى هەرێم و وەزارەتى دارایى عێراق بەردەوامیان هەیە و ئەمڕۆ جارێکى دیکە گفتوگۆ دەکەن، سەرچاوەیەکیش لە شاندەکەى هەرێم بە 964ـى وت،”کۆبوونەوەکەیان یەکلایى کەرەوە دەبێت”.
بڕیارە کۆبوونەوەى شاندى هەرێم کە ئاوات جەناب نورى سەرۆکایەتى دەکات، لەگەڵ وەزارەتى دارایى عێراق، ئێستا دەستى پێکردبێت.
سەرچاوەیەک لە شاندەکەى هەرێم بە 964ـى وت،” کۆبوونەوەى ئەمڕۆ یەکلایى کەرەوەیە و هەموو ئەگەرەکانیش بە ئاراستەى رێککەوتن”.
وەک ئەوەى سەرچاوەکە باسى دەکات، سەرەڕاى ناکۆکییەکانی نێوانیان، بەڵام دوێنێ لێکتێگەیشتنى باش هەبووە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنێ شاندى هەرێم و وەزارەتى دارایى عێراق بۆ ماوەى چوار کاتژمێر کۆبوونەوە، لە دواى کۆبوونەوەکەش، ئاوات جەناب نورى وەزیرى دارایى هەرێم وتى، کۆبوونەوەکان لە کەشێکى ئیجابیدا بەڕێوە چوون.
باسى لەوەشکرد، هیوادارن لە کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆیاندا بگەن بە ڕێککەوتنى تەواو و سبەینێ یەکشەممە، موچەى مانگى 1ـى فەرمانبەران خەرج بکرێت.