لە كەركوك خۆڵبارینە و سبەینێ دەگاتە هەرێمی كوردستان

+964
كاروان ساڵحی- كەركوك

شەپۆلێکی خۆڵبارین شاری کەرکوکی گرته‌وه‌ و پێشبینیی ده‌كرێت سبه‌ی رووبكاته‌ هەرێمی کوردستان.

لەبەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 7ی شوباته‌وه‌، شەپۆلێکی خۆڵبارین روویکردووه‌تە شاری کەرکوک، بە وتەی شارەزایان شەپۆڵه‌كه‌ تەنیا ئەمڕۆیە، پاشان روودەکاتە شارەکانی هەرێمی کوردستان.

لەلێدوانێکی دا بۆ تۆڕی 964 حوسێن عەلی بەڕێوەبەری فەرمانگەی کەشوهەوا و بومەلەرزەزانی له‌ كه‌ركوك وتی “ئەم شەپۆلی خۆڵبارینه‌ لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ روویکردووه‌تە كه‌ركوك، کە لە باکووری سووریاوە هاتووە، تەنیا ناوچەکانی باکووری عێراق و کەرکوک دەگرێتەوە”.

بە وتەی حوسێن عەلی، خۆڵبارینه‌كه‌ بۆ ماوەی یەک رۆژ بەردەوام دەبێت و پاشان کەمدەبێتەوە، دواتریش روو دەکاتە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها خۆڵبارینەکە بە شێوەی چڕ نییە تا مەترسی دروستبکات.

“ئه‌گەر شەپۆلی خۆڵبارینەكە چڕ ببێته‌وه‌، ئەو کات دەستبەجێ فەرمانگەی تەندروستی کەرکوکی لێ ئاگاداردەکەینەوە، کە تیمەکانیان لە شوێنە گشتییەكاندا بڵاوە پێبکەن” حوسێن عه‌لی وای وت.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، رێنمایی هاوڵاتیان دەکەین، ئەوانەی کێشەی هەناسەیان هەیە، بۆ سەلامەتیی تەندروستی خۆیان بە بێ دەمامک نەچنە دەرەوە.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هێشتا شه‌پۆله‌كه‌ هێشتا به‌ ته‌واوی نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ شاره‌كانی هه‌رێم، به‌ڵام ئه‌مڕۆ له‌ هه‌ولێر و ده‌وروبه‌ری هه‌ست به‌ كه‌مێك له‌ خۆڵبارین ده‌كرێت و تۆز و خۆڵ به‌سه‌ر شوشه‌ی په‌نجه‌ره‌ی ماڵ و شوێنه‌كان و هه‌روه‌ها ئۆتۆمبیله‌كانه‌وه‌ دیاره‌.