ئەم جارە لە هەولێرین

لەهەر کتێب فرۆشێک دەپرسی کتێبێکی جیاواز لەلای پڕفرۆشترینە

964+

دەشتی عارف ـ هەولێر

لە هەولێر خواستێکی زۆر لەسەر کتێبە ئەدەبییەکان هەیە و پەرەپێدانی خودیش فرۆشێکی باشی هەیە، خوێنەران حەزی پێدەکەن و لەسەروو هەمووشیانەوە رۆمان لەهەموو تەمەنە جیاوازەکان خوێنەری هەیە.

964 ئەم جارە چووە داون تاونی هەولێر و پرسیاری لە کتێب فرۆشەکانی ئەو ناوە کرد، سەبارەت بە کتێبی دڵخوازی خەڵک و ئەو کتێبانەی پڕ فرۆشترینن.

هەڤاڵ حەمەزیاد، بەرێوەبەری کتێبخانەی باڵدار لە داون تاون بە964ـی وت، “خوێنەری ئێستا زۆر رووی لە کتێبی ئاین و بابەتە دەروونییەکانە، بەڵام ئەوەی لای ئێمە پڕ فرۆشترینە کتێبی 1922ـە، کە رۆمانێکی دەروونییە و چیرۆکەکەی لە راستی وەرگیراوە و باسی پیاوێک دەکات کە تەماح لە میراتی هاوسەرەکەی دەکات تا کار دەگاتە ئەوەی دەیەوێت بیکوژێت، نووسەرەکەی ستیڤن کینگە و مەدینە ئەحمەد کتێبەکەی وەرگێڕاوە بۆ سەرزمانی کوردی”.

کتێبەکانی دۆستۆڤسکی، جوبران خەلیل جوبران و کافکا پڕفرۆشترین کتێبن

پرسیارمان لە ئەحمەد کەریم، بەرێوەبەری کتێبخانەی ئەرەبیڵا کرد کە کتێبی عەرەبی و ئینگلیزی دەفرۆشێت، سەبارەت بە پڕفرۆشترین کتێبەکان، ئەو وتی، “کڕیارە کوردەکانمان بەزۆری کتێبە ئینگلیزییەکان دەبەن، بەشێکیش کە خوێندنیان عەرەبییە کتێبی عەرەبیش دەبەن.

بەگشتیش لەلای ئەوان کتێبی نووسەرانی وەک، دۆستۆڤسکی، جوبران خەلیل جوبران و کافکا پڕفرۆشترین کتێبن لە کتێبخانەکەی ئێمە.

ئەحمەد، باسی لە بەشێک لەو کتێبانەش کرد کە خواستی زۆریان لەسەرە لەلای ئەوان و وتی، کتێبی (تەحەول)، کە لە نووسینی فرانز کافکایە، ناوەڕۆکی کتێبەکەش باس لە کەسێک دەکات کە خەوتووە و لەخەو هەڵساوە بووە بە مێروویەکی گەورە و خەم لەوە دەخوات ئیتر کێ پارە بۆ خێزانەکەی پەیدا بکات، کتێبی (ئەلنەبی)، کە نووسەرەکەی جوبران خەلیل جوبرانە یەکێکی دیکەیە لە پڕفرۆشترینەکان لای ئەوە، باس لەوە دەکات کاتێک دەگەڕێتەوە شاری خۆی هاورێ و کەسە نزیکەکانی پرسیاری ئەو سەفەرەی لێ دەکەن کە کردوویەتی.

لە درێژەی باسکردنەکانیشی دا وتی، کتێبی لیتڵ پرینسێس کە زنجیرەی کارتۆنی سالی لەسەر بەرهەم هێنراوەتەوە یەکێکی ترە لەو کتێبانەی خواستێکی زۆری لەسەرە لە هەموو تەمەنە جیاوازەکانەوە.

کۆتا کتێبی ترێندیش لە کتێبخانەکەی ئەحمەد کتێبی (وایت نایتە)، کە دۆستۆڤسکی نووسیویەتی و ناوەڕۆکەکەی چیرۆکێکی خۆشەویستییە.

ئاماژە فەلسەفیەکانی شێواز پێمان دەڵێت، چۆن بتوانین بە دیوێکی دیکە رۆمان بخوێنینە و هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین

یاران هیوا، بەرێوەبەری ناوەندی رۆشنبیری مەم و زین، بۆ 964 باسی لە پڕفرۆشترین کتێبەکانی خۆیان کرد و وتی، “پڕ فرۆشترین کتێب لە ناوەندەکەمان (ئاماژە فەلسەفیەکانی شێواز و شێواز ناسی)ە کە نووسەرەکەی کاروان عومەر کاکەسورە، ناوەڕۆکی کتێبەکە رەخنەییە و پێمان دەڵێت چۆن بتوانین بە دیوێکی دیکە رۆمان بخوێنینە و هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین، چۆن بتوانین لە نووسینەکانی نووسەر تێبگەین”.

لە سێ مانگی رابردوودا پڕفرۆشترین کتێب کتێبی (مانای ژیانم)بووە

رێبین فەتاح، بەرێوەبەری کتێبخانەی  ماڵی وەفایی، بۆ 964 قسەی کرد و وتی، “لە سێ مانگی رابردوودا تاوەکو ئێستاش لە ماڵی وەفایی پڕ فرۆشترین کتێب کتێبی (مانای ژیانم)بووە، کە کۆکراوەی بیرەوەریەکانی کوبرای عەزیمییە، کە سیمین کچی هەموو بیرەوەریەکانی دایکی کۆکردووەتەوە و دواتر لە کتێبێکدا چاپی کردوە.”

رێبین باسی ناوەڕۆکی کتێبەکەی کرد و وتی، “ئەوکاتی کوبرای عەزیمی لە کۆماری کوردستان لە مەهاباد ژیاوە، بیرەوەریەکانی خۆی و ژیانی ئەو ماوەیەی باس کردووە کە کۆماری کوردستان حکومی ئەو ناوچەیان کردووە لە رووی کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە”.

وات لێدەکات خۆت بیت و دەتگەیەنێتە کەناری ئارامی

کەریم خان شێرکۆ، بەرێوەبەری کتێبخانەی ئاشتی، لەبارەی پڕ فرۆشترین کتێب لە هەفتەی رابردوودا وتی، کتێبی (دەروونناسی رەش) و (180) دوو پرفرۆشترین کتێب بووە، ناوەرۆکی کتێبەکانیش لایەنی گەشەپێدانی مرۆیین.

وتیشی، کتێبی (180) باس لەناسینی خود دەکات و وات لێدەکات خۆت بیت و دەتگەێنێتە کەناری ئارامی، کتێبی (دەروونناسی رەش)، فێرت دەکات ئارام و لێبوردە بیت و فێرت دەکات دەور نەدرێی بە کەسانی گەمژە.

شۆخان شوان، کە ساڵانێکە کتێب دەخوێنێتەوە، باسی لەوە کرد، کۆتا کتێب کە خوێندوویەتەوە، کتێبەکەی تەڵعەت تاهیرە کە ناوی پایزی زەعیمە و کتێبێکی فەلسەفی و رەخنەییە.

شۆخان بە دوو کتێبی دیکەش کاریگەرە، ئەوانیش کتێبی خوا خۆشی دەوێیت، کە نووسەرەکەی عومەر ئەلعۆزە و کتێبی 48 رێساکەی دەسەڵات بەلای ئەوەوە دوو بەچێژترین و کاریگەرترین کتێب بوون بۆ ئەو.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر