بینای نوسینگی پاسپۆرتی راپەڕین وێنە: سۆشیاڵ میدیا
جێگری لێپرسراوی نوسینگەی پاسپۆرتی راپەڕین:
وەستانی نۆرەگرتنی ئەلیکترۆنی بۆ پاسپۆرت پەیوەندی بە بەغداوە هەیە
964+
ژێوار خدر
نۆرە گرتنی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی لە رانیە وەستاوە و دیار نییە کە دەستپێدەکاتەوە و جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی پاسپۆرتی راپەڕینیش دەڵێت، هۆکارەکەی زۆری خواستی هاوڵاتییانە بۆ وەرگرتنی پاسپۆرت.
ئیخڵاس حەسەن، جێگری لێپرسراوی نووسینگەی پاسپۆرتی راپەڕین بە 964ـی وت، کاتی کردنەوە و داخستنی نۆرەی ئەلیکترۆنی لای بەغدایە و ئێمە وەک نوسینگە دیاری ناکەین و خۆشمان نازانین کەی کارا دەبێتەوە.
وتیشی، سەبارەت بەم بابەتە قسەمان لەگەڵ بەغدا کردووە، ئەوان پێیان ووتوین کە نۆرە گرتن لە کاتژمێر 8:00ـی بەیانی رۆژی یەکشەممەوە ئاکتیڤە تا کاتژمێر 3:00ـی دوای نیوەڕۆی رۆژی پێةجشەممە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە دەڤەری راپەڕین خواستێکی زۆر هەیە بۆ دەرکردنی پاسپۆرت و توانای وەرگرتنی نۆرەش بۆ سیستمەکە سنووردارە بۆیە کە هاوڵاتییەکی زۆر خۆیان تۆمار دەکەن و سنوورەکە تێدەپەڕێ، راستەوخۆ نۆرە گرتنەکە دەوەستێت.
پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی پڕۆسەکەی خاو کردووەتەوە
“نوسینگەکەمان تەنیا چوار کابینەی هەیە و توانای بەڕێکردنی هاوڵاتییەکی زۆری نییە، پاسپۆرتی ئەلیکترۆنیش پڕۆسەکەی هێواش کردووەتەوە، پێشتر تەواوکردنی مامەڵەی کەسێك ئەگەر هیچ کێشەیەک نەبوایە، لە نێوان دوو بۆ پێنج دەقیقەی دەخایاند، بەڵام ئێستا 15 بۆ 20 دەقیقە دەخایەنێت.” ئیخڵاس حەسەن وای وت.
باسی لەوەشکرد، لە سیستمی ئەلیکترۆنیدا هاوڵاتی بەیەک رۆژ پاسپۆرتەکەی وەردەگرێتەوە، بەڵام بەهۆی قەرەباڵخی زۆرەوە، لە نوسینگەکەی ئەوان جاری وا هەیە وەرگرتنەوەی پاسپۆرت دوا دەکەوێت و زۆرجار لە رۆژێک زیاتری پێدەچێت.
نوسینگەی پاسپۆرتی رانیە، پێش ئەوەی ببێت بە ئەلیکترۆنی لە رۆژێکدا 200 بۆ 250 هاوڵاتی سەردانیان کردووە بۆ دەرکردنی پاسپۆرت و ماوەی نزیکەی مانگێکە سیستمی ئەلیکترۆنی لە نوسینگەکە کارا کراوە.