زیاتر لە دوو مانگە تەواو نەکراوە
فولکەی سەرەکیی کۆیە بۆ دوکان تەواو نەکراوە و شۆفێران هاواریان لێ هەڵساوە
+964
گۆڤەند فەتاح – کۆیە
ماوەی زیاتر لە دوو مانگە فولکەیەکی نوێ لە سەرەتای رێگەی قەزای کۆیە بۆ دوکان دروستکراوە و تەواو نەکراوە، لە تەنیشت فولکەکەوە رێگەیەکی لاوەکی خۆڵ هەیە بۆ ئەوەی هاتوچۆ نەکرێت بەسەر فولکەکەوە تا تەواو دەکرێت، کە ئەمەش ناڕەحەتی و گلەیی زۆری شۆفێران ناو شار و گەشتیارانی ئەم رێگەیەی لێکەوتووەتەوە.
فولکەکە بەشێکە لە پرۆژەی تەواونەکراوی دووسایدی فیدرالی لە قەزای کۆیە، کە کۆتایی پرۆژەکە بەو فولکەیە کۆتایی دێت، کە هەر سێ رێگەی سلێمانی و دەشتی کۆیە، رێگەی چیای هەیبەتسوڵتان و رێگەی ناو کۆیە بە یەکەوە دەبەستێتەوە.
ئەردەلان سابیر، کە یەکێکە لەو شۆفێرانەی بەو رێگەیەدا هاتوچۆ دەکات، بە 964ـی وت، جگە لەوەی رێگەکە بە باران دەبێتە قوڕولیتە، بارانیش نەبێت هەمووی دەبێتە تەپوتۆز، ئێمە کە بەردەوام بەو رێگەیەدا هاتوچۆ دەکەین بە تەواوی بێزاری کردووین و ئۆتۆمبێلەکانمانی هەموو خراپ کردووە و هەڵیوەشاندووەتەوە.
لەسەر ئەم بابەتە، محەمەد میرحاج، سەرۆکی شارەوانیی کۆیە، بە 964ـی وت، کارەکان بە باشی بەڕێوەدەچوون، بەڵام بوونی کێشەیەکی یاسایی لە کۆمپانیای جێبەجێکار کە نەمانی بڕگەیەکە لە دەرخستەی کارەکانی کۆمپانیا، لەسەر ئەمە لیژنە لە پارێزگای هەولێر و ئەنجومەنی وەزیرانیش پێکهێنراوە، بەم هۆیەوە کارەکانی وەستاوە، ئێمە لە هەوڵداین کێشەکەی بۆ چارەسەر بکەین و جارێکیتر بەردەوام بێت و کارەکانی تەواو بکات.
پرۆژەی دووسایدی فیدرالی لە کارەکانی کۆتاییدایە، زیاتر لە دوو مانگە کارەکانی وەستاوە و ئاستەنگی هاتوچۆی بۆ بەشکێکی زۆری گەڕەکەکانی سەر ئەم رێگەیە دروستکردووە، کە دەبێت رێگەیەکی زیاتری ناو شار ببڕن تا دەگەن بەو شوێنەی دەیانەوێت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا