لە بازگەی نێوان دێگەڵە و تۆپزاوا گیریان خواردووە

رێگەنادرێت مریشكی كۆیە هەناردە بكرێت و خاوەن كێڵگەكانیش گردبوونەوە

+964

گۆڤەند فەتاح – کۆیە

ماوەی چەند رۆژێکە رێگە بە ئۆتۆمبێلی کێڵگە پەلەوەرییەکان نادرێت لە بازگەی تۆپزاوا و دێگەڵە لە كۆیە هاتوچۆ بکەن، ئەوەی لە هەولێرەوە بێت لە بازگەی تۆپزاوا رێگەی پێنادرێت و ئەوەشی لە کۆیەوە بڕوات لە بازگەی دێگەڵە رێگەی پێنادرێت، خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکانیش لەبەردەم بازگەی تۆپزاوا گردبوونەوە و داوای چارەسەرکردنی کێشەکەیان دەکەن.

ئەوان جگە لەو کێشەیە، گەر بیانەوێت پەلەوەرەکان بنێرنە خوارووی عێراقەوە داوای سێ ملیۆن و 200 سەد هەزار دیناریان لێدەکرێت، بۆ ئەوەی لە بازگەکان تێپەڕبن، بەم هۆیەوە زەرەر و زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە، ئەمە قسەی بەرزان رەمەزانی خاوەن كێڵگەی پەلەوەرە بۆ 964.

جەلال تاهیر، یەکێکی دیكەیە لە خاوەن کێڵگەی پەلەوەری، بە 964ـی وت، ماوەی سێ رۆژە مریشکەکەم ماوەتەوە و ناهێڵن بیبەم بۆ هەولێر و لە بازگەی دێگەڵە رێگەم پێنادرێت، نزیکترین شوێن بۆ ئێمە هەولێرە بتوانین لەوێ ساغی بکەینەوە، ئێمە دەستمان ناگات بە شارەکانی دی.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان مەسرەفێکی زۆریان لەسەرە، ئەگەر بەو شێوە بڕوات زەرەرێکی زۆر دەکەن و ئیشەکەیان سوودی نامێنێت، بۆیە داواکارن چارەسەری ئەو کێشەیەیان بۆ بکەن و بهێڵین مریشک و پەلەوەرەکانیان بگوازێنەوە بۆ هەولێر.

ئەوەی دەست 964 کەوتووە لە سنووری قەزای کۆیە تا ئێستا نزیکەی 400 کێڵگەی پەلەوەر هەن، پەلەوەرەکانیش جگە لە کۆیە لە شارەکانی تری هەرێم و خوارووی عێراق ساغ دەکرێنەوە و دەفرۆشرێن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا