کۆندۆم
بایی 50 ملیۆن دۆلار
ئەمریكا بەرنامەی هەبوو “كۆندۆم” لە غەززە دابەش بكات
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
کۆشکی سپی لە بارەی راگرتنی یارمەتییە دەرەكییەكانی روونكردنەوە و رەوایەتی بە كارەكەی دا، ئاشكراشیان كرد بەرنامەیەك هەبووە 50 ملیۆن دۆلار بۆ دابەشکردنی کۆندۆم لە کەرتی غەززە خەرج بكرێت، بەڵام بەبێ ئەوەی بەڵگەی پشتگیری لەو بابەتە بخانەڕوو.
کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، رێککەوتنەکە لە هەفتەی یەکەمی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپدا ئاشكرا بوو، بە تایبەتی لەلایەن وەزارەتی نوێی کارایی حکومەتەوە، کە ملیاردێر ئیلۆن مەسک سەرۆکایەتی دەکات.
لیڤیت لە یەکەم کۆنگرەی رۆژنامەوانیی خۆیدا ئاماژەی بەوە کرد، دەستپێشخەرییەکەی ماسک و فەرمانگەی بودجە، بۆیان دەرکەوتووە کە 50 ملیۆن دۆلار لە پارەی باجدەران خەریکە جیادەكرێتەوە بۆ دابینکردنی بودجەی دابەشكردنی کۆندۆم بۆ هاوڵاتیانی غەززە.
وتیشی، “ئەوە بەفیڕۆدانێكی بێویژدانانەی پارەی باجدەرانە”، لیڤیت وردەکاری زیاتری لەمبارەیەوە نەخستەڕوو.
زیاتر لە دوو ملیۆن کەس لە کەرتی غەززە دەژین، کە لە ماوەی 15 مانگی شەڕی نێوان حەماس و ئیسڕائیلدا زیاتر لە 50 هەزار كەس كوژران و بە دەیان هەزاری دیكەش بریندار بوون، ئەمە جگە لەوەی بە هەزارانی دیكەش ئاوارە بوون و بەشێكی شارەكەش وێران بووە.
لیڤیت هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە ئەمریکا خەریك بوو37 ملیۆن دۆلار بداتە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، پێش ئەوەی ترەمپ بڕیاری کشانەوەی ئەمریكا لە رێكخراوەكە بدات.
دوای ماوەیەکی کەم لە دەستبەکاربوونی، سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ، فەرمانی راگرتنی یارمەتییە دەرەکییەکانی بۆ ماوەی 90 رۆژ دەرکرد و بەڵێنی دا پێداچوونەوەیەک ئەنجام بدات بۆ دڵنیابوون لەوەی کە هاوکارییەکان لەگەڵ سیاسەتەکانی ئیدارەکەیدا یەکدەگرنەوە، بە تایبەتی لە بابەتی لەباربردنی منداڵ و مافەکانی رەگەزگۆڕاوەكان و بەرنامەکانی “هەمەچەشنی”.