"پێویستیان بە کارمەندیشە"

بەشی پشکنینی مەمۆگرافی لە کفری کرایەوە

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

بۆ یەکەمجار لە سنوری گەرمیان بەشی پشکنینی گرێی سنگی ئافرەتان “مەمۆگرافی”، لە نەخۆشخانەی شەھید خالید گەرمیانی لە قەزای کفری دەکرێتەوە، پێشتر تەنھا لە نەخۆشخانە ئەھلیەکان ھەبوو.

پشکنینەکە بە حەوت ھەزار ئەنجامدەدرێت، بەڵام لە نەخۆشخانە ئەھلیەکان بە 60 بۆ 70 ھەزار دینار دەکرێت.

سامان سەرتیپ، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەھید خالید گەرمیانی لە قەزای کفری بە 964ى وت، “یەکەمجارە لە نەخۆشخانە حکومیەکانی سنوری گەرمیان ئەو پشکنینە ئەنجام دەدرێت، ئافرەتان دەتوانن ئیتر سەردانیان بکەن و بە نرخێکی کەم ئەو پشکنینە بکەن”.

“ئەم پشکنینە گرنگە بۆ ئافرەتان ھەموو ساڵێک ئەنجامی بدەن، لە حاڵەتی ھەبوونی گرێی مەمک ئەگەر زوو پێی بزانرێت ئەوا چارەسەرکردنیشی ئاسانترە، داواکارین ئافرەتان ھەموو ساڵێک ئەو پشکنینە ئەنجام بدەن بۆ تەندروستی خۆیان”، سامان سەرتیپ وای وت.

ئامێرەکە لەسەر بودجەی تەندوستیی گەرمیان کڕدراوە و نرخەکەی نزیکەی 117 ملیۆن دینارە، لەلایەن خێرخوازێکیشەوە دوو ژوری بۆ دروستکراوە بە تێچووی حەوت ملیۆن دینار.

نەخۆشخانەکە گرفتی کەمیی کارمەندی تاقیگەی ھەیە بۆ ئەم بەشە نوێیە، داوای دامەزراندنی چوار کارمەند دەکەن.