مامۆستایەک چاودێری خوێندکاران دەکات لەکاتی تاقیکردنەوە. فۆتۆ:964
"بۆشایى دروست دەبێت"
وەزارەتى پەروەردە داوا دەکات خانەنشینى مامۆستایان دوابخرێت
964+
ژووری هەواڵ
وەزارەتى پەروەردە پێشنیازێکى ئاڕاستەى ئەنجوومەنى وەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد بۆ ئەوەى خانەنشینى مامۆستایان تاوەکو تەواوکردنى خوێندنى ئەمساڵ دوابخرێت، کە ژمارەیان پێنج هەزار و 534 مامۆستایە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 26.1.2025، ئالان حەمەسەعید، وەزیرى پەروەردە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دیوانى ئەنجوومەنى وەزیران رەزامەندى سەرەتایى لەسەر داواکاریی دواخستنی خانەنشینبوونی مامۆستایان داوە، بەڵام “دەمانەوێت بە نووسراوى فەرمى رەزامەندییەکە وەربگرین”.
وەزیرى پەروەردە وتیشى، “بڕیارى خانەنشینکردنى مامۆستایان کاریگەرى لەسەر کەرتى پەروەردە دەبێت و بۆشایى دروست دەبێت”.
هاوکات وەزیرى پەروەردە راشیگەیاند، بەجێبەجێکردنى یاساى خانەنشینى یەکگرتووى عیراق، تاوەکو کۆتایى مانگى 5ـى ئەمساڵ، پێنج هەزار و 534 مامۆستا خانەنشیندەکرێن.
لە بارەى لەجێدانانى ئەو مامۆستا گرێبەستانەى وازیان هێناوە، ئالان حەمەسەعید، وتى “رێکارێکیان داناوە بۆ لە جێگەدانانى مامۆستایان و لە جێگەى هەر مامۆستایەکى گرێبەست، مامۆستایانى وانەبێژ دادەنرێن و پرۆسەکەش بەردەوامە”.
رۆژى 22.1.2025 وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، بهفهرمى تەمەنی خانەنشینی لە 60 ساڵیدا جێگیرکرد و لە نوسراوێکی چوار لاپەڕەیشدا بڕیاری ئەوە روون دەکاتەوە، کە پاش 25 ساڵ چۆن فەرمانبەر خانەنشین دەکرێ.
بڕیارەکە پشت بەستەیه بە یاسای خانەنشینی یەکگرتووی ژمارە 9ی ساڵی 2014ی هەموارکراو، بڕیاری ئەوەی تێدایە، کە فەرمانبەر بە ساڵ و رۆژ تەمەنی 60 ساڵی تەواو کرد، دەبێ دەستبەجێ رەوانەی خانەنشینی بکرێ.