جوتیارانی ناوچەکە زیانی زۆریان پێگەیشتووە
“سوپای تورکیا سەدان داری بەرداری لە سنوری ئامێدی بڕیوەتەوە”
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
لە دەورووبەری گوندی سەرگەلێ سەربە قەزای ئامێدی و ئەو شوێنانەی نزیکن لە سوپای تورکیا، بە سەدان داری بەردار وەکو گوێز و قەزوان بڕدراون و لەناوبراون، تا ئێستاش هۆکارەکەی نەزانراوە.
ستار ئیبراهیم ،ئەندامی ئەنجومەنی گوندێ سەرگەلێ بە 964ـی وت، “نزیکەی هەفتەیەکە سوپای تورکیا نزیکەی هەزار داری بەرداری لە رەگەوە هەڵکێشاوە کە تەمەنیان هەندێکیان زیاتر لە 100 ساڵ دەبێت”.
“ناوچەکە ناسەقامگیرە و خەڵکی گوندەکە ناتوانن لێی نزیک ببنەوە، تا ئێستاش هۆکاری بڕینەوەی دارەکان نەزانراوە”، ستار ئیبراهیم وای وت.
هاوکات محەمەد سەرگەلێ، دانیشتووی گوندەکە بە 964ـی وت، “بەهۆی شەڕی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە، ماوەیەکە نەمتوانیوە لە زەوییەکەم نزیک ببمەوە، بەڵام وەک ئاگادارم 50 دار گوێز کە تەمەنی هەریەکەیان 100 ساڵ دەبێ، بڕدراونەتەوە”.
وتیشی، “ساڵانی پێشوو گوێزی باشمان هەبوو و بژێوی ژیانمان لەسەر بەرهەمی زەوییەکەمان بوو، بەڵام ئەمساڵ هیچ بەرهەمێکی گوێزم نابێت و زیانێکی زۆرمان پێگەیشتووە”.
لەوبارەیەشەوە سەرچاوەیەکی ئەمنی لەسنوری قەزای ئامێدی بە 964ـی وت، “چەند هەفتەیەکە شەڕ لە سنوری گوندەکانی بەرگارەی و ناوچەی نهێلی بەردەوامە و نزیکەی هەفتەیەکیشە سوپای تورکیا خەریکی بڕینی دارەکانە و تا ئێستاش هۆکارەکەی نەزانراوە، بەدواداچوونمان لەسەر ئەو بابەتە دەستپێکردووە”.
باسی لەوەشکرد، دارەکان لەو شوێنانە بڕدراون کە شەڕ و تەقوتۆقی لێیە بۆیە دانیشتووانی سنورەکە ناتوانن سەردانی شوێنەکان بکەن.
گوندی سەرگەلێ دەکەوێتە ناحیەی دێرەلوک لە سنوری قەزای ئامێدی سەربە پارێزگای دهۆک.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری