پزیشكە هەرەناسراوەكەی هەولێر

964 هۆكاری گیانلەدەستدانی د. دەشتی دزەیی دەخاتەڕوو


دەشتی عارف ـ هەولێر

سەر لەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 25.1.2025  دکتۆر دەشتی دزەیی لە تەمەنی 80 ساڵی کۆچی دوایی کرد، كە یەكێك بوو لە ناودارترین پزیشكەكانی كوردستان و شاری هەولێر و تەنانەت عێراق.

ئەحمەد دزەیی، برای دکتۆر دەشتی، هۆکاری مردنی براکەی بۆ 964 باس کرد و وتی، بەهۆی پاڵەپەستۆی خۆێنەوە گورچیلەکانی سست بوون، بڕیارمان دا گورچیلەی بۆ بچێنینەوە، بەڵام نەشتەرگەرییەکەی سەرکەوتوو نەبوو، بۆیە پێویست بوو هەموو رۆژێک گورچیلەکانی بشۆرێت، بەداخەوە ئەمڕۆش لە نەخۆشخانەی ژین کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی قورشاغلو لە شاری هەولێر دەنێژرێت.

دکتۆر دەشتی دزەیی لە دایک بووی ساڵی 1945ە، پسپۆڕ و راوێژکاری نەخۆشییەکانی هەناو بوو، جیا لەوەش مامۆستای زانکۆ بوو لە زانکۆی هەولێری پزیشکی و لە كۆتایی حەفتاکانی سەدەی رابردووەوە لە بواری پزیشکی خزمەتی بە هاوڵاتیان دەکرد و تا ئەم رۆژانەش بەردەوام بوو.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا