چوار رۆژە لە ماڵ دەرچووە و نەگەڕاوەتەوە
لە سۆران بە دوای پیاوە ونبووەکەی بەستۆڕەدا دەگەڕێن
ئاکام غەفور-سۆران
ماوەى چوار رۆژە پیاوێکى تەمەن 50 ساڵى دانیشتووى ناحیەی بەستۆرە لە ماڵ دەرچووە و نەگەڕاوەتەوە، دوایین جاریش کە لە کامێراى چاودێرى دەرچووە لە دەروازەى شارى سۆران دەرکەوتووە، هەربۆیە تیمەکانى بەرگریى شارستانى لە لێوارى رووبارى گەلى عەلى بەگ دەستیان بە گەڕان کردووە.
کاروان میرادەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران، قسەی بۆ 964 کرد و وتی، “دوێنێوە بە چوار تیم و ئەمڕۆش بە پێنج تیم خەریکی گەڕانین بە دوای ئەو پیاوە ونبووەدا، بەڵام نازانین بەرەو کوێ رۆیشتووە و تەنیا یەکجار لە کامێرای چاودێری دەرکەوتووە، لە دوای ئەوە دیار نییە”.
کەسوکارەکەى گومان دەکەن کەوتبێتە ئاوەوە، بەڵام بەرگریى شارستانى هیواى بەوەیە نەکەوتبێتە ناو ئاوەوە، بەڵام لەسەر خواستى کەسوکارەکەى گەڕان لە رووبارى گەلى عەلى بەگ بۆ دۆزینەوەى دەستى پێکردووە.
بەپێى قسەى کەسوکارى ئەو پیاوە ونبووە بێت، کە بۆ 964 قسەیان کردووە، دوایین جار کە لەماڵ دەرچووە وتویەتى دەچێت دەرمان دەکڕێت، بەڵام تائێستا نەگەڕاوەتەوە، دواتریش بە تەلەفون قسەى لەگەڵ خێزانەکەى کردووە و وتویەتى لە هەولێرم، بەڵام وەک دەڵێن ئەوکاتە لە سۆران بووە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح